دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خاوەنی پەیوەندیی ستراتیجییە لەگەڵ ئەمریکا و بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسیش بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوتی خاو تەنیا ئابووریین.
فەیسەڵ بن فەرحان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەلعەرەبیەی سعوودیە، وەڵامی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمریکای دایەوە کە باسیان لەوە کردبوو، بەهۆی بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەسەوە سەرلەنوێ چاو بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەیدا دەخشێننەوە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، فەیسەڵ بن فەرحان گوتی: 'بڕیارەکانی ئۆپیک پڵەس نە ئاڕاستەیەکی سیاسییان هەیە، نە لە رووی سیاسییەوە لێیان دەڕوانین. بڕیارەکان تەنیا ئابووریین. پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن ستراتیجیین بۆ پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە. پەیوەندییەکانی نێوان ریاز و واشنتۆن هاوکارە لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات و سەقامگیری ناوچەکە. لەو کاتەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا دروست کردووە تا ئێستا دامەزراوەییە'.
فەیسەڵ بن فەرحان سەبارەت بە پێشهاتەکانی یەمەن، رایگەیاند: 'هێشتا هەوڵەکانی درێژکردنەوەی ئاگربەست بەردەوامە'.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، هەروەها سەبارەت بە دانوستانەکان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، باسی لەوە کرد کە هێشتا هەوڵەکان نەگەیشتوون بە ئەنجامی خوازراو و چاوەڕوانی بەڕێوەچوونی شەشەمین خولی دانوستانەکان دەکرێت.
وەزیرانی وزە و نەوت لە گرووپی ئۆپیک پڵەس لە پێنجی تشرینی یەکەمدا لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا کۆبوونەوە و بڕیاریاندا لە تشرینی دووەمەوە، بەرهەمی رۆژانەی نەوت، دوو ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە.
لە بەرامبەر ئەو بڕیارەدا، بهڕێوهبهری پهیوهندییه ستراتیجییهکانی ئهنجوومهنی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، جۆن کیربی ئاماژەی بەوە کرد کە سهرۆکی ئهمریکا، جۆ بایدن چاو بە پهیوهندییهکانی لهگهڵ سعوودیهدا دهخشێنێتهوه.