عبدالله مه‌لا نورى: یەکگرتوو دەستانخۆش

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

عبدالله مه‌لا نورى له‌په‌ره‌ی فه‌رمی خۆی له‌فه‌یسبوك بڵاوی كردوه‌ته‌وه‌ و رایده‌گه‌ینێت كه‌ زۆر دەستخۆشیتان لێدەکەم هاوڕێ و دۆستانمان لە یەکگرتوی ئیسلامی، ئەم بڕیارەتان لە بواری کاری پەرلەمانیدا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ و بناغەی خۆتان، بۆ یەکگرتوەکەی 2013..

ده‌قی بڵاوكراوه‌كه‌ی:

یەکگرتوو دەستانخۆش…
ئێستا بیستم؛ یەکگرتویی ئیسلامی بڕیاریدا دوای ٦ی ١١ ، لە پەرلەمان بکشێنەوە.

ئەم پەرلەمانەی ئێستا هیچ نرخێکی نەماوە، پەرلەمانێک نەتوانێ یاسای بودجە پەسەند بکات، نەتوانێ متمانە لە وەزیرێکی فاسد وەربگرێتەوە، نەتوانێ بڕیار لە سەر هیچ پرسێک بدات، کە پەیوەندی بە نان و ژیان و ئازادی و کەرامەتی هاووڵاتیانەوە هەبێت، کەواتە نەبونی باشترە.

پەرلەمانی ئێستا بارە بە سەر شانی خەڵکەوە، عارە بە نێوچاوانی دیموکراسیەوە.

ئێمە بۆ ئەوەی ببینە خاوەن پەرلەمان، دەبێت ئەم (پەرلەمانە)ی ئێستا نەمێنێ، هەروەک پێویستە ئەو سیستمە یاسایی و ئەمنی و ئیدارییەی، کە پەرلەمانی پێهەڵدەبژێردرێت چارەسەر بکرێن.

پشتکردن لەم پەرلەمانە مانای رەتکردنەوەی کارو گرنگی پەرلەمان نییە، بەڵکو پێشمەرج و سەرەتایەکە بۆ بنیاتنانی پەرلەمانێکی حەقیقی، لە داهاتودا.

دەبێ ئەم دەنگە دەنگ و مەراسیمە بێزراو و نەزۆکە، ئەم بوکەڵەو یاری منداڵانەیە بەدەستی دەسەڵاتەوە، کە شکڵی پەرلەمانی پێدراوە، کۆتایی پێبێت.

پەرلەمانی ئێستا شوێنی هێزگەل و نوێنەرگەلێک نین، کە خەمی بنیاتنانی دامەزراوەی نیشیمانی هەبێت، شوێنی عەقڵ نییە، شوێنی ئەخلاق و بەهای نوێنەرایەتی نییە!

بنیاتنانی ئایندە پێویستی بە قوربانیدان و نەفەس درێژی هەیە، پێویستی بە جیاوازی و دەستگرتن بە بیروباوەڕەوە هەیە.

دەبێت پەرلەمانی ئێستا بۆ ئەو هێزو کەسانە بەجێبهێڵرێت، کە داماڵراون لە هەمو بەهایەکی بەرز، بۆ مونافیقەکان!

زۆر دەستخۆشیتان لێدەکەم هاوڕێ و دۆستانمان لە یەکگرتوی ئیسلامی، ئەم بڕیارەتان لە بواری کاری پەرلەمانیدا گەڕانەوەیە بۆ ئەسڵ و بناغەی خۆتان، بۆ یەکگرتوەکەی ٢٠١٣…

عبدالله مه‌لا نورى