بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ھه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار ئه‌نجام بدرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-13 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئه‌مڕۆ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق دانیشتنی تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار ئه‌نجام ده‌دات.

رۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، محه‌مه‌د حه‌لبوسی رایگه‌یاندبوو: كه‌رۆژی پێنجشه‌ممه‌ 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماری نوێ ئه‌نجام ده‌درێت.

ئه‌مه‌یش له‌كاتێكدایه‌ تا ئێستا پارتی ویه‌كێتی له‌باره‌ی كاندیدێكی هاوبه‌ش بۆ پۆستی سه‌ركۆماری عێراق نه‌گه‌یشتوون به‌رێككه‌وتن.

دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 12ی تشرینی یه‌كه‌می 2022، فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند: پاڵپشتی له‌ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌كشاندنه‌وه‌ی كاندیده‌كه‌ی بۆ پۆستی سه‌ركۆمار وپشتوانییكردن له‌عه‌بدوله‌تیف ره‌شید وه‌ك كاندیدێكی هاوبه‌شی نێوماڵی كورد بۆ پۆستی سه‌ركۆمار، به‌ڵام ئێواره‌ى دوێنێ وته‌بێژى یه‌كێتى رایگه‌یاند: د. به‌رهه‌م ساڵح كاندیدى حزبه‌كه‌یانه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق وهیچ ڕێككه‌وتنێكیان له‌سه‌ر گۆڕینى كاندیدى فه‌رمیان بۆ سه‌رۆك كۆمار نه‌كردووه‌.

سه‌ر له‌به‌یانى ئه‌مرۆش كوتله‌ى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق رایگه‌یاند: ئه‌وان به‌شدارى له‌كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆى په‌رله‌مان دا ده‌كه‌ن وده‌نگ به‌كاندیدى یه‌كێتى له‌تیف ره‌شید ده‌ده‌ن.

هاوكات میدیاكانی عێراق بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌: به‌رله‌ ئه‌نجامدانی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، رێوشوێنی ئه‌منی توند له‌به‌غدای پایته‌خت به‌تایبه‌تیش له‌ده‌وروبه‌ری ناوچه‌ی سه‌وز گیراوه‌ته‌به‌ر.