دیجیتال میدیای سپێده
حوکوومەتی سویسری، پڕۆژە یاسایەکی بۆ پەرلەمان ناردووە، کە تێیدا هەموو جۆرە داپۆشینێکی دەموچاو ڕێ پێ دراوە، تەنیا نیقاب نەبێت! بەپێی بڕیارەکە داپۆشینی دەموچاو بۆ بارودۆخی ئەمنی و هونەری و ژینگەیی و تەندروستی و کۆڕۆنا و کولتووریی ناوخۆیی له شوێنە گشتییەکان، هیچ کێشەی نییە!
بەڵام، تەنیا بۆ نیقاب و حیجابی ئیسلامی قەدەغەیە و غەرامەی ١٠٠٠ فرەنکی سویسری لەسەرە، واتە ١٠٠٠ دۆلار، لەکاتێکدا ئەمە دوای خاترگرتنێکی زۆری حوکوومەت کە پێشتر داوای دانانی غەرامەیەکی ١٠٫٠٠٠ فرەنکی سویسری بۆ نیقاب کرابوو.
هەموو ئەمانەش لەکاتێکدا بەپێی زانکۆی لوسێرن تەنیا ٣٠ ئافرەتی موسڵمانی نیقابپۆش لە هەموو سویسرادا هەیه، بەڵام وا دیارە باسەکە زۆر جددی بووە لەلای حوکوومەت و سیاسەتمەدارانی سویسرا کە ئەم یاسایەیان بۆ ٣٠ کەس دەرکردووە!
سەرەڕای ئەوەی موسڵمان سەدا پێنجی دانیشتوان لە سویسرا پێکدەھێنن، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ ئازادیی کەسی موسڵمانان بەرتەسکتر دەبێتەوە، لە هەمان کاتدا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا فشار لە وڵاتانی تر دەکەن کە ڕێزی کەمینەکان بگرن و ئازادی تەواویان بدرێتێ، وەک: هاوڕەگەزبازان و ڕەگەزگۆڕاوەکان.
هەر لە هەمانکاتدا کە ڕۆژئاوا خەریکی هاڕینی میدیای مۆندیالی قەتەرە، بە بیانووی بەرتەسککردنەوەی ئازادی کەسی، خودی ڕۆژئاوا بەرەو چاخێکی تازەی دیکتاتۆرییەتی مۆدێرن هەنگاو دەنێت.