حکوومەتی یەمەن: "لە سەنعا ١٨ منداڵ بەهۆی دەرمانی ماوەبەسەرچووەوە گیانیان لەدەستداوە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

حکوومەتی یەمەن، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سەنعای ژێر کۆنترۆڵی حوسییەکان، ١٨ منداڵ بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی ماوەبەسەرچووەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی هەوڵێكی ئاژانسی فەرمی یەمەن (سەبا)، وەزیری زانیاری، کلتوور و گەشتوگوزاری یەمەن، موعەمەر عیریانی، دەربارەی بابەتەکە روونکردنەوەی داوە و ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ١٨ منداڵی توشبووی شێرپەنجەی خوێن، بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی ماوەبەسەرچووەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش لەبەر ئەوەبووە کە ئەو دەرمانانە ماوەیەکی زۆر لەناو عەمبارەکاندا ماونەتەوە.

عیریانی، بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە بەگوێرەی چەند راپۆرتێک، حوسییەکان بەشێک لەو دەرمانانەیان فرۆشتووە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە نێردراون بۆ یەمەن، بەشێکی دیکەشیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە عەمبارەکاندا هێشتووەتەوە و دەستکاری بەرواری بەسەرچوونەکانیانیان، کردووە.

ئەو وەزیرەی یەمەن، داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان و سەرۆکایەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، کردووە لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە رووداوەکە دەستپێبکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، ماڵپەڕی مەسیرەی سەر بە حوسییەکان، لە هەوڵێکدا لێدوانی وەزیری تەندروستی سەر بە دەسەڵاتی حوسییەکان، تەها موتەوەکیلی بڵاوکردووەتەوە کە گوتویەتی: "هەندێک لەو منداڵانەی هەمان دەرمانیان بەکارهێناوە، چاک بوونەتەوە".

هەرچەندە هیچ کام لە لایەنەکان بەرواری گیان لەدەستدانی منداڵەکانیان نەخستووەتەڕوو بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ناوخۆی یەمەن، باس لەوە دەکەن کە لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا منداڵەکان ئەو دەرمانانەیان بەکارهێناوە و دواتر لە چەند رۆژێکی جیاجیادا گیانیان لەدەستداوە.

جێی ئاماژەیە کەرتی تەندروستی لە یەمەن، بەهۆی شەڕی ناوخۆوە کە چەندین ساڵە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە، دووچاری داڕمانی قوڵ بووە و ئەمەش رێگای بۆ بڵاوکردنەوەی چەندین جۆر پەتا و نەخۆشی، خۆش کردووە.

حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا دەستیان بەسەر سەنعا-ی پایتەخت و چەند ناوچەیەکی یەمەن، گرتووە.

لە بەرامبەریشدا هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥وە بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی یەمەن، ئۆپەراسیۆنی دژبە حووسییەکان دەست پێ کردووە.