دیجیتاڵ میدیای سپێده
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی کە دوێنێ لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کرایە سەر چەند شوێنێکی جیاوازی ئۆکرانیا، گیانلەدەستدانی ١٠ کەس و برینداربوونی ١٤ کەس راگەیەندرا.
جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکرانیا، کیریلۆ تیمۆشچەنکۆ لە پەیامێکیدا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تەلەگرام، زانیاری لەسەر هێرشەکانی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی جیاوازی ئۆکراینا لە ماوەی رۆژی رابردوودا بڵاو کردەوە.
تیمۆشچەنکۆ، رایگەیاند لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر ناوچەکانی؛ دنیپرۆ، خارکیڤ، دۆنێتسک و خێرسۆن ١٠ کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە و ١٤ کەسیش برینداربوون.
لە ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا، راگەیەندراوێک سەبارەت بە زیانەکانی سوپای رووسیا لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٦ی تشرینی یەکەم بڵاو کرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە سوپای رووسیا لە ماوەی رۆژی رابردوودا ٣٠٠ سەربازی دیکەی لەدەستداوە و بەمشێوەیە لە دەستپێکی جەنگەکەوە بۆ ئێستا کۆی گشتی ٦٥ هەزار سەربازی رووسی کوژراون و ئاشکرا کراوە کە تاکو ئێستا ٢٦٨ فڕۆکە، ٢٤٢ هێلیکۆپتەر، دوو هەزار و ٥٢٩ تانک، پێنج هەزار و ١٩٣ ئۆتۆمبێلی زریپۆش، هەزار و ٥٨٩ تۆپهاوێژ، ٣٦٥ مووشەکهاوێژ و ١٨٦ سستەمی بەرگریی ئاسمانیی سەربە سوپای رووسیا لە ناوبراون.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش ئاشکرا کراوە کە سێ هەزار و ٩٥٩ ئۆتۆمبێل، ١٦ کەشتی و بەلەمی خێرا و هەزار و ٢٢٤ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای رووسیا تێکشکێندراون.
لە کاتێکدا وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو لە ٢١ی ئەیلوول ئەوەی راگەیاندبوو کە پێنج هەزار و ٩٣٧ سەربازی رووسی گیانیان لەدەستداوە.