ئێران بانگەشەکانی هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداری بۆ رووسیا ڕه‌تده‌كاته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایەتی لە بەرامبەر لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بەوەی "رووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداریی خۆکوژی درووستکراوی ئێرانی" بەکارهێناوە نیشاندا و بەرگری لەوە کرد کە وڵاتەکەی چەکی نەفرۆشتووەتە هیچ لایەنێکی جەنگەکە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران (IRNA)، کەنعانی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوە لە تارانی پایتەخت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی داوەتەوە.

ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بەوەی "رووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکداریی خۆکوژی درووستکراوی ئێرانی" بەکارهێناوە گوتی: "بەداخەوە، بە شێوەیەکی گشتی ئەو هەواڵانە لە بەرچاو دەگیرێت کە سەرچاوەکانی خۆرئاوایە و مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە. ئیدارەی ئێران، هەروەکو پێشتر و چەندین جار رایگەیاندووە، لایەنێک نییە لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و هیچ جۆرە چەکێکی نەفرۆشتووەتە هیچ لایەنێکی جەنگەکە".

سەرۆکی ئۆکرانیا، زێلێنسکی لە ١٠ی تشرینی یەکەم لە پەیامێکیدا لە رێگەی هەژماری خۆی لە تەلەگرام رووسیای بە ئەنجامدانی "چالاکی تیرۆریستی" لە دژی مەدەنییەکانی ئۆکراینا تاوانبار کرد و وتی: "هێرش کرایە سەر شارەکانی خارکێڤ و دۆنباس و شارەکانی دیکەی ئۆکراینا. هێرشەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی ئەنجامدراوە. تیرۆر، تاوانێکە کە دەبێت سزابدرێت".