دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا هۆشداری بە حكومەت دەدەن

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنن، ئەگەر داواکاریمان لەبەرچاو نەگیرێت، ناچارین ڕێگای خۆپیشاندان و مانگرتن بگرینەبەر

‌‎دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا لە بڵاوكراوەیەكدا ڕایانگەیاند: ئێمەی خاوەن بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە کوردستان زیاتر لە پێنج ساڵە بە شێوەیەکی مەدەنی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ دامەزراندنمان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان. دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٠٢٢/٩/٧ ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیاری ژمارە (١٧٠) کەیسەکەمانی سپارد بە ئەنجوومەنی ڕاژە.

ئاماژەی بەوەشكردوە: ئێستا ئەم کەیسە دووبارە گەڕاوەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران بەڵام پێمان وایە کاری جدی لەسەر ناکرێت! چونکە ماوەی دوو هەفتەیە ئەنجونەنی ڕاژە وەڵامی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی داوەتەوە سەرۆکایەتی دیوان نە وەڵامی نوێنەرانمان دەدەنەوە نە نووسراویش ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆکی حکومەت کراوە بۆ بڕیاردان.

‌‎ئەوەشیان ڕاگەیاند: بۆیە داواکارین لە بەڕێزتان لەماوەی ئەم هەفتەدا چاوپێکەوتنێکی بەپەلەی نوێنەرانمان بۆ ڕێکبخرێت لەگەڵ ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران یان بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران.

دانەمەزراوانی ماستەر و دکتۆرا ئەوەشیان ڕاگەیاند: ئەگەر داواکاریمان لەبەرچاو نەگیرێت، ناچارین ڕێگای خۆپیشاندان و مانگرتن بگرینەبەر لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران تاکو چارەنووسمان یەکلا دەکرێتەوە.