بەداخەوەم بۆ سیاسەتی كوردو سەركردایەتییەكەی كەبەدرێژایی قۆناغەكانی دوای پرۆسەی بەناو رزگاری عێراق سەركردایەتی سیاسی بەگشتی و یەكێتی و پارتی بەتایبەتی نەك هەر نەیانتوانییوە سیاسەتێکی تەندروست لەبەرژەوەندی میللەتەکەیان بکەن بەڵکو زۆرجاران لەبری دەستکەوت کۆڵێک ئاریشەو کێشەو سەرئێشەیان دووچاری میللەتەکەیانکردووەو خۆشیان وەک بەرزەکی بانان لێی دەرچوون.
کوردووتەنی: وەک ئەوەی نەبایان دیبێ نەباران
زیاتر لەوە بەهۆی بێپلانی و بەرژەوەندی کەسی و حیزبی و ئەو لاوازی ونەبوونی جورئەت و پلان و لەپێشیشیان دا پەرش و بڵاوی لایەنەكان و دەستگرتنییان بەچەند گوریسێكەوە، وایكردووە كەبەردەوام خەڵكی دیكەو ووڵاتانی دیكەو بەتایبەتیش حكومەتی بەغدا هەمیشە كۆڵكەر بووەو كوردیش كۆڵ لێكراو.
ئەوان هەمیشە زاڵم بوونەو كوردیش زوڵم لێكراو.
-ْبەجۆرێك هەمیشە بەغدا لەپێناو گرێكوێرەیەكی سیاسی گرێكوێرەیەكی دیكە وسەرئێشەیەكی دیكەیان بۆ كوردو سەركردایەتییەكەی دروستكردووەو دواجاریش بەماوەیەك كورد ناچارو ملكەچی داخوازییەكانی بەغدا كراوە.
- بۆنمونە ماددەی 58 و دواتریش كە ناوی ماددەی 140 ی لێنرا، ماددەیەكی دەستوری و دان پیادانراوو ئیمزاكرا لەلایەن سەرجەم لایەنە عێراقییەكانەوە كەچی لەبەرامبەر جێبەجێنەكردنی ئەو ماددەیە عەرەب و توركمانەكان زۆر زوو بەدیلی ماددەی 140 یان داناو ماددەی 23 و24 یان كردە بەدیلی ئەو ماددەیە كە بەپێی ئەو ماددەیە پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك دەبێت 32 بە 32 بۆ هەرسێ نەتەوەی عەرەب وتوركمان و كورد دابەش بكرێت، ئەوەش پێچەوانەی واقعی ماددەی 140 بوو كە بەپێی بڕگەیەكی ئەم ماددەیە دەبوو لە دوای راپرسی كەركوك بگەڕێنرایەتەوە باوەشی هەرێمی كوردستان كەبەداخەوە بەهۆی دروستكردنی ئەو گرێكوێرەیەوە ماوەی زیاتر لە ١٧ ساڵە ئەو ماددەیە جێبەجێنەكرا.
- خراپتر لەوەش كاتێك سەركردایەتی كوردی ویستی پێشمەرگە بێنێتە ناوشاری كەركوك هەر زۆر زوو مالیكی گەمەی سیاسی خۆی كردو میلیشیای دیجلەی دروستكرد ئەمەش وایكرد سەركردایەتی كوردی رازی بێت بەبوونی هێزی هاوبەش لەكەركوك و بەمەش میلیشیایەك هاوشانی هێزێكی دەستوری كە پێشمەرگەیە میلیشیایەكیان دروستكردو كردیشیانە ئەمری واقیع.
لابردن و لانەبردنی نوری مالیكی گەمەیەكی سیاسی دیكەی حكومەتی بەغدابوو بەوەی لە بری جێبەجێكردنی ماددەی 140 سەركردایەتی سیاسی كوردی ناچار كرا ناوبراو بۆ ماوەی 4 ساڵی دیكە هەڵبژێرێتەوە ئەوەبوو مالیكی 4 ساڵی دیكە گۆڵی خۆی كردو زیاتر لە 8 ساڵ ئاغایەتی عێراقی كردو بۆ كوردیش خراپتر لەوەی چاوەڕێی دەكرد روویدا.
خراپتر لەوەش بۆئەوەی كورد ناچاری گێرانەوەی نەوت بۆ بەغدا بكەن گرێكوێرەیەكی سیاسی دیكەیان دروستكرد بەوەی قوتی هاوڵاتییانی كوردی یان بڕی ئەمەش بۆ سەركردایەتی كوردی چاوەڕوان نەكراوبوو زۆربەیان بەر لە بڕینی ئەو بودجەیە لەشاشەوە بەو بڕیارە پێدەكەنین ودەیانووت مالیكی جورئەتی كاری واو بڕیاری وا نیییە كەچی زۆر زوو پێكەنینەكان بوونە فرمێسك و بودجەش بڕاو سەركردایەتی كوردیش هەرچەندە وتییان زۆر شتمان پێدەكرێت بەڵام هیچ نەكراو بودجەش بڕاو گەمارۆیەكی ئابووری دروستكراو ئێستای سەركردایەتی كوردی ناچار بەگەڕانەوەی نەوت بکاو سەرکردایەتی کوردی لەبری چنینەوەی دەستکەوتەکانی ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردی ناچار بەگەڕانەوە بۆ بەغداو شەڕی کورسی و دووحیزبی سیاسی بکات
بەڵێ دروستكردنی داعش و سەرهەڵدانییان لە عێراق گەمەیەكی دیكە بوو لەگەڵ كورد بەوەی سەركردایەتی كوردی لەسەرەتادا پێی وابوو ئاگرە سورە لەخۆی دوورەو هیچ زیانێكی بۆ كورد نابێ و بگرە لەسەرەتادا بەدراوسێیەكی نزیك بوونەوەی خەونی جیابوونەوەی كوردو دواتریش هەنگاوەكانی بوونی دەوڵەتی كوردی ناوزەند كرا، بەڵام دواجار ئەو گوریسانەی هەردوو لایەنی كوردی دەستیان پێوەگرتووە كوردیان ناچاری بەشداریكردن كردو شەڕێكی ناڕەواو بێ هۆیان هێنایە ناو ماڵی كوردو لەونێوەندەش دابە دەیان وسەدان پێشمەرگەو ئەفسەرو پلە باڵا لەبەرەكانی جەنگ شەهید دەكران و سەربڕان و بەهەزاران ئاوارەی كوردیش لە ناوچە جیاجیاكانی وەكو موسڵ و شەنگال و كۆبانێ ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستانکردو بەناوی خانەدانی و داڵدەدانەوە هێندەی دیکە باری هەرێم قورسترکراو بیانووی زیاتریشی دایە ئەو دوو هێزە تاپینەو پەڕۆی کەم و کەوڕیەکانیان بکەن
١٦ و ١٧ی ئۆکتۆبەر کۆڵێکی دیکەی بەغدابوو
سەرباری خیانەت و هەڵاتنی هەردوو هێزی یەکێتی و پارتی لە کەرکوک و شەنگال و پاشانیش گەڕانەوەی سیاسەتی تەعریب و ترحیل و تعشید بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و لەدەستدانی دەیان و سەدان پلەو پۆستی کوردی
کارەساتتر لە هەموو ئە مانە شەڕی یەکێتی و پارتی بوو لەسەر پلەو پۆستی سەرۆک کۆمارو شیرینی وەزارەتەکانی بەغدا لەمەشا بەغدا دوومەبەستی هەبوو یەکەم برەودان بەو ناکۆکیانەی یەکێتی و پارتی لەسەر پلەو پۆست و دووەمیش پێکهێنانی حکومەتی نوێی فشەڵی عیراق و یەکلایێکردنەوەی گەورەترین کوتلەی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی دەوڵەتی یاساو حیزبەکەی نوری مالیکی
بێ ئەوەی سود لەو هەموو ماڵوێرانی و برسیکردنەی هەرێمی کوردستان لەسەر دەستی مالیکی وەربگیرێت
لەهەمان کاتیشا تائێستا هیچ ڕێکەوتنێکی ئاشکرا لەبەرژەوەندی کوردوو دەستکەوتەکانی لە ئارادا بوونی نیە
هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت کە هەردوو حیزبی دەسڵاتو سیاسیەکانی ئێمە بەگشتی نەک هەر سیاسی و ووردبین و دووربین نین بەڵکو کڵۆڵ و بێپلان و بەرژەوەندی خوازن
ئەوان لەبیری تەنهاو تەنها بەرژەوەندیەکانی خۆیان و بەکۆیلە کردنی میللەتەکەیاندان و لەژێر چەتری چەپڵەلێدان و بێهەڵوێستی میللەتەکەیاندا دەخۆن و لە بژی و بڕووخێی دەوروبەریشیان بێباکن.