دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزیری بەرگریی عێراق، جومعە عناد سەعدون و فەرماندەی نێردەی ناتۆ لە عێراق، جەنەراڵ جیۆڤانی ئاینۆچی پتەوترکردنی ھاریکاریی و ھەماھەنگییە ھاوبەشەکانیان لە پێناو پەرەپێدان بە تواناکانی سوپای عێراق تاوتوێ کرد.
وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە جومعە عناد سەعدون لەگەڵ فەرماندەی نێردەی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (NATO) لە عێراق، جەنەراڵ جیۆڤانی ئاینۆچی کۆبووەتەوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبووەکەدا، پتەوترکردنی ھاریکاریی و ھەماھەنگییە ھاوبەشەکان لە بوارەکانی مەشقپێکردن، پڕچەککردن و راوێژکردن لە پێناو پەرەپێدان بە تواناکانی سوپای عێراق تاوتوێ کراوە.
لەئێستادا ھێزەکانی ناتۆ و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش کە لە عێراقدا جێگیرکراون، ئەرکیان راوێژکردن و مەشق و راھێنانە بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
رۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاندبوو 'بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە ھێزەکانی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرگرتن لە سەرھەڵدانەوەی داعش، بڕیارمانداوە ئەرکی ناتۆ لە عێراق فراوانتر بکەین، ژمارەی کارمەندانمان لە ٥٠٠ کەسەوە دەگەیەنینە چوار ھەزار کەس و ئەرکی ھێزەکانمان لە عێراق مەشق و راھێنان دەبێت بە ھێزە عێراقییەکان'.