دوو به‌كارهێنه‌ری‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر لە سلێمانی ده‌ستگیركران

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

مه‌فره‌زه‌كانی‌ پۆلیسی‌ نه‌هێشتنی‌ تاوان لە شاری سلێمانی، دوو به‌كارهێنه‌ری‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ریان ده‌ستگیركرد.

ئەمڕۆ ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی دوو تۆمەتبار کە ماددەی هۆشبەریان بەکارهێنابوو، لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دەستگیرکران و دەست بەسەر برێک ماددەی هۆشبەر و دوو چەک لە جۆری دەمانچە و کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەردا گیرا.

لە راگەیەندراوێکدا کە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردۆتەوە ئاماژە بەوە دراوە کە دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ گه‌یشتۆتە دەست هێزه‌كانی‌ پۆلیس له‌سه‌ر دوو تۆمه‌تبار كه‌ به‌كارهێنه‌ری‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌رن، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی‌ پۆلیس لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچونه‌كانیان ده‌ست پێ كردوە و دوای‌ وه‌رگرتنی‌ بڕیاری‌ دادوه‌ر، توانراوە هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه‌ له‌كاتی‌ به‌كارهێنانی‌ مادده‌ هۆشبه‌ره‌كاندا ده‌ستگیربكرێن.

لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا باس لەوە کراوە کە له‌و هەڵمەتەی پۆلیسدا کە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون توانراوە دەست به‌سه‌ر بڕێك مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر، دوو چه‌ك له‌ جۆری‌ ده‌مانچه‌ و كه‌لوپه‌لی‌ به‌كارهێنانی‌ مادده‌ی‌ هۆشبه‌ر و چه‌ند موبایل‌ و كه‌لوپه‌لێكی‌ دیكه‌دا بگیرێت.

له‌ئێستادا هه‌ردوو تۆمه‌تبار (ش، ف) له‌دایكبووی‌ ٢٠٠٠و (ر، ص) له‌دایكبووی‌ ١٩٩٢ به‌بڕیاری‌ دادوه‌ر راگیراون.