دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیارنامەیەکی لەبارەی راگەیاندنی یاسای سەربازیی لە ههریهك لهو ناوچانەی ئۆکراینا کە لکاندوونی بەخاکی وڵاتەکەیەوە و بریتین له دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژییا واژوو کرد.
ڤلادیمیر پوتین لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی، باسی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا کرد.
پوتین ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە مانگی رابردوو لە ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا گشتپرسی کراوە بۆ لکاندنیان بە رووسیاوە و بەڵام حکوومەتی ئۆکراینا نایەوێت دان بە ئەنجامەکانی گشتپرسییەکەدا بنێت.
سەرۆکی رووسیا باسی لەو تەقینەوەیە کرد کە لە سەر پردی کێرچ (کریم) روویدا و ئاماژەی بەوە کرد کە دەزگای هەواڵگریی ئۆکراینا ئەوەی کردووە و رووسیا رێگریی کردووە کردەی تیرۆریستی لە ناوچەکانی دیکە بکرێت.
گوتیشی: "دەمەوێت ئەوەتان وەبیربهێنمەوە کە لە کۆماری گەلی دۆنێتسک، کۆماری گەلی لوهانسک و ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا یاسای سەربازیی پەیڕەو دەکرێت پێش ئەوەی بێنە سەر رووسیا. پێویستە ئەمە لە چوارچێوەی یاساکانی رووسیادا بیگونجێنین. لەبەرئەوە بڕیارنامەیەکم واژووکرد بۆ راگەیاندنی یاسای سەربازیی رووسیا لەو چوار ناوچەیەدا".
هەروەها پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە لە دۆخی ئێستادا پێویستە دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە بەڕێوەبەرانی هەموو ناوچەکانی رووسیا، ئەوەشی خستەڕوو کە بڕیارنامەیەکی لەو بارەیەوە واژووکردووە.
گوتیشی: "پێویستە بەڕێوەبەرانی ناوچەکان رێوشوێن بگرنەبەر بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاووڵاتییان، پاراستنی هێزە گرنگەکان و بەهێزکردنی ئابووریی و پیشەسازیی. فەرمانم بە حکوومەتی رووسیا، وەزیری بەرگریی، وەزارەت و دامودەزگاکانی دیکەی کردووە پاڵپشتی پێویست لەو بارەوە پێشکەش بکەن".