ڕوسیا له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی وڵاته‌كه‌ "دۆخی ئاماده‌كاریی" بۆ جه‌نگی ئۆكرانیا به‌رزكرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

له‌ ته‌واوی ناوچه‌كانی رووسیا سێ ئاستی جیاوازی "ئاماده‌كاریی" بۆ قۆناغی جه‌نگی ئۆكرانیا جێبه‌جێ ده‌كرێت.

به‌پێی ئه‌و بڕیارنامه‌یه‌ی كه‌ سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین واژووی كردووه‌ "دۆخی ئاماده‌كاریی ئاست به‌رز" له‌ ناوچه‌ی فیدراڵیی باشوور و ناوچه‌ی فیدراڵیی ناوه‌ند كه‌ مۆسكۆی پایته‌ختیش ده‌گرێته‌وه‌، ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

به‌پێی بڕیارنامه‌كه‌، رێوشوێنه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ ژێرخانه‌كانی وزه‌، په‌یوه‌ندییه‌كان و گواستنه‌وه‌ له‌و ناوچانه‌ی ئاماژه‌ی پێكراوه‌ زیادده‌كرێت، كاركردن له‌ هه‌ندێك كه‌رت به‌پێی پێویستییه‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا كارده‌كه‌ن و پشكنینی زیاتری ئه‌منی له‌و ناوچانه‌ ده‌كرێت.

به‌پێی دۆخی ئاماده‌كاریی ئاست مامناوه‌ند، له‌ ناوچه‌كان رێوشوێنی به‌رگریی شارستانی و رێكاری ئاماده‌كاریی زیاتر بۆ پاراستنی دانیشتووان و ناوچه‌كان له‌ مه‌ترسییه‌كان ده‌گیرێته‌به‌ر.

له‌ كاتێكدا له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی دیكه‌ی رووسیا كه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، "دۆخی ئاماده‌كاریی سه‌ره‌كی" راگه‌یه‌ندرا، به‌رپرسانی ئه‌و ناوچانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ بڕیاری پێویست بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سستمی گشتی و ئاسایش بڕیاری پێویست ده‌ربكه‌ن.