سوودانی: "حکوومەتی داھاتوو گرنگی بە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و رووسیا دەدات"

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ئیلبروس کوتراشێڤ رایگەیاند کە حکوومەتی داھاتوو گرنگی بە پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەدات.

نووسینگەی راگەیاندنی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی رووسیا لە عێراق، ئیلبروس کوتراشێڤ و کۆبوونەتەوە.

راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئیلبروس کوتراشێڤ پیرۆزبایی حکوومەتی رووسیای گەیاندووەتەوە سوودانی بەبۆنەی راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراق، ھەروەھا خواستی خۆی دەربڕیووە بۆ بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و جەختی کردووەتەوە لەسەر گەشەپێدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و رووسیا.

باسی لەوەش کردووە کە لای خۆیەوە سوودانی رایگەیاندووە، حکوومەتی داھاتوو گرنگی بە پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و رووسیا دەدات، ھەروەھا کار لەسەر دروستکردنی پەیوەندییەکی ھاوسەنگ دەکات کە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتدا بێت.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سوودانی ھەروەھا جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە حکوومەتی داھاتوو سوورە لەسەر ئەوەی ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردووڵات لەبوارە جیاجیاکاندا کاراتر بکات.