ناتۆ: "هەموو بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتە رووسیا"

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-20 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ، ئەوەی ئاشکرا کرد هەموو بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوه‌ته‌ رووسیا تا لە دژی ئۆکراینا بەکاریبهێنێت و گوتی: "ئەو هێرشە ترسناکانەی لە رێگه‌ی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە ئەنجام دراون، ئەوە نیشان دەدەن کە پێویستە بە زووترین کات پشتیوانییەکان بۆ ئۆکراینا زیاد بکرێن".

یەنس ستۆڵتنبێرگ لە ناوەندی ناتۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی سوید، ئوڵف کریستێرسن ئەنجامدا و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران لە جەنگی ئۆکراینادا، ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "ناچمە ناو وردەکاری زانیارییە هەواڵگرییەکانمانەوە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم هەموو بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتە رووسیا".

سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتیشی: "داوا لە وڵاتانی جیهان دەکەم بە ئێرانیشەوە، پشتیوانی رووسیا نەکەن لەو جەنگە نایاساییەدا کە دژ بە ئۆکراینا هەڵیگیرساندووە".

یەنس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ وەک ئەڵمانیا، ئەمریکا، هۆڵەندا و فەڕەنسا لە قۆناغی پێشکەشکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی زیاتردان بە ئۆکراینا، گوتیشی: "ئەو هێرشە ترسناکانەی لە رێگەی ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەوە ئەنجام دراون، ئەوە نیشان دەدەن کە پێویستە بە زووترین کات پشتیوانییەکان بۆ ئۆکراینا زیاد بکرێن".

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا دەربارەی ئەوەی کە "هیچ بەڵگەیەک هەیە ئەوە نیشان بدات کە ئێران مووشەکی داوەتە رووسیا؟"، ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: "وەڵامەکە هەمان شتە. ناتوانم بە تەواوی وردەکاری زانیارییە هەواڵگرییەکانمان بخەمەڕوو. بەڵام بەدڵنیاییەوە لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەین کە ئێران لە پرسی پێدانی هەر هاوکارییەکدا بە رووسیا چۆن مامەڵە دەکات. داوا لە ئێران دەکەین کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان مووشەک نەداتە رووسیا. پێدانی هەر جۆرە مووشەکێکیش پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە".

- جەنگی ئۆکراینا

سکرتێری گشتی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ دەربارەی جەنگی ئۆکراینا رایگەیاند: "لە بنەڕەتدا ئەوەمان بینی کە ئەو جەنگەی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دژی ئۆکراینا دەستی پێ کرد، شکستخواردوو بوو. پوتین لە رێگه‌ی داگیرکردنی ئۆکرایناوە هەڵەیەکی گەورەی کرد. ناچاربوو لە ناوچەکانی باکوور و دەوروبەری کیێڤ بکشێتەوە. دواتریش لە دۆنباس هێرشێکی گەورەی دەست پێکرد. ئەم هێرشەش لەلایەن هێزە قارەمانەکانی ئۆکرایناوە وەستێندرا و لە ئێستاشدا ئەو هێزانە شەڕ بۆ ئازادکردنی خاکەکەیان دەکەن و ئێمەش لەم بابەتەدا یارمەتییان دەدەین".