په‌یامی پیرۆزبایى جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی رۆژی جیهانیى شانۆ

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- به‌بۆنه‌ى رۆژی جیهانیی شانۆوه‌، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پیرۆزبایى له‌ سه‌رجه‌م شانۆكاران و شانۆدۆستان ده‌كات و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامییان بۆ ده‌خوازێت، ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

به‌بۆنه‌ی 27ى ئادار رۆژی جیهانیی شانۆ، گه‌رمترین و جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م شانۆكاران و شانۆدۆستانى جیهان به‌گشتی و كوردستان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌م، شانۆ قوتابخانەی گەلانەو ئه‌و سه‌كۆ و بڵندگۆیه‌یه‌ كه‌تیایدا راستییه‌كان و ئازارو خه‌مه‌كانى خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه‌و چاره‌سه‌رییه‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو و رۆلێكی گرنگیشى هه‌یه‌ له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌، بۆیه‌ هیوادارم ‌گرنگیی زیاتر به‌بوارى شانۆ و ژیان و گوزه‌رانی شانۆكاران بدرێت.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م یاده‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و تەواوی جیهان به‌قۆناغێکی چارەنووسسازو سەختدا تێده‌په‌ڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی یەکێک لە ڤایرۆسە کوشندەکانی سەدە، كه‌ ئه‌ویش ڤایرۆسی کۆرۆنایه‌ كه‌ كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆى كردۆته‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی خه‌ڵك و وایكردووه‌ كه‌ بۆ پاراستنی خۆمان و رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى زیاترى ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ ماڵه‌كانمان بمێنینه‌وه‌و پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بین و نه‌توانرێ ئه‌و بۆنه‌و یادانه‌ وه‌كو ساڵانی پێشووتر به‌رز رابگیرێن و چالاكیی جۆراوجۆر له‌و بۆنه‌و یاده‌ تایبه‌تییانه‌ ئه‌نجام بدرێن، ئومێده‌وارین كه‌ به‌زووترین و بەکەمترین زیان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین و بگه‌رێینه‌وه‌ سه‌ر ژیانی ئاسایی خۆمان.

له‌كۆتاییدا هیوادارم دواى تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌، شانۆكاران زیاتر په‌ره‌ به كاره‌كانیان بده‌ن له‌پێناو خزمه‌تكردنى زیاترى هونه‌رى شانۆ و كلتوور و كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى. 

به‌رز و پیرۆزبێت رۆژی جیهانیی شانۆ، هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ شانۆكارانی كوردستان.

 

هێمن هه‌ورامی

جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان

27/3/2020