نۆژەنكردنەوەی ڕێگای هەولێر.خەبات پێش وادەی یاسایییەکەی كۆتاییی هات

دوا نوێکردنەوە: 2019-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری چاككردنەوەی ڕێگاوبانی هەولێر ڕایگەیاند، ئەگەرچی كاتی یاسایی بۆ تەواوكردنی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكانی سنووری هەولێر ڕۆژی 15ی 12یە، بەڵام سەرجەم كارەكان پێش ئەم وادەیە تەواو دەبن و چەند ڕێگایەكیش تەواو بوون.

ئەندازیار دڵشاد عیمادەدین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە چوارچێوەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاكانی كوردستان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 10 ملیار دیناری بۆ ڕێگاوبانەكانی سنووری هەولێر تەرخان كرد، كە 22 پڕۆژە بوون، ئێستاش پێش وادەی یاسایی، كارەكانی چەند پرۆژەیەك كۆتایییان پێ هاتووە".

لەبارەی ڕێگای سەرەكیی نێوان هەولێر – خەباتیش، ئاماژەی بەوە دا، كە قیرتاوكردنی ڕێگاكە تەواو بووە و ئێستا لە خزمەت هاووڵاتیاندایە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها شۆڵدەرەكانن، كە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەویش تەواو دەبێت.

دەشڵێ: "لە چوارچێوەی ئەو كاتە یاساییەی كە دیاری كرابوو بۆ 22 پڕۆژەی سنووری هەولێر، سەرجەم پڕۆژەكان پێش كاتی یاسایی تەواو دەبن و دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتییانەوە."

هێدی كاكەیی