ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: چاكسازی بە كەسانێك ناكرێت كە تێوەگلاون لە گەندەڵی

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان راگه‌یاند چاكسازی بە كەسانێك ناكرێت كە تێوەگلاون لە گەندەڵی و خراپەكاری.

ئەمڕۆ هەینی 21-10-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەشداریكرد لە چادرگەی بونیادنانی تواناكان كە لە شارۆچكەی دەربەندیخان بەڕێوەچو، لە وتەیەكدا تیشیكی خستە سەر ڕۆڵ و پێگەی مامۆستایان لە بونیاتنانی كۆمەڵگە كە ڕۆڵێكی بنچینەیی و كاریگەریان هەیە و وتی: بەداخەوە دەسەڵاتداران كاریان لەسەر ئەوە كردووە كە ئەم ڕۆڵە كاریگەرە نەهێڵن یاخود ڕۆڵی مامۆستایان كەم بكەنەوە.

هەروەها وتیشی: هەركاتێك ڕۆڵی پەروەردەو مامۆستا بەگرنگ نەگیراو ئەو سێكتەرە كاریگەرە لەلایەن دەسەڵاتەوە فەرامۆش كرا، لەوێوە شكست ڕودەكاتە كۆمەڵگەو بونیادی كۆمەڵگە، بۆیە پێویستە مامۆستایانی یەكگرتوو هەموو كۆسپەكان تێپەڕێنن و ئەو ڕۆڵە گرنگە بونیادیە بگێڕن كە پەیامی پیرۆزی مامۆستا داوای دەكات.

لەكۆتای دیدارەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو جەختیكردەوە: كۆمەڵگە لەبەردەم هەڕەشەی جۆراوجۆردایە كە دەسەڵاتداران دروستیان كردوەو دەبێت مامۆستایان بە هیمەتی پەیامدارانەیان ببنە فریاد ڕەسی، خەریكە ستەمكاری و خراپەكاری بكرێتە سیستم لەم هەرێمە بەش مەینەتەدا و گەنج و لاوی ئەم وڵاتە نائومێدكراوە بەپیلان و بەرنامە و دەبێت یەكگرتووەكان ڕوبەڕوی ئەم ستەمكاری و بێ ئومێدییە ببنەوە بەڕێگەی مەدەنی و یاساییەكان كە بە كەسانی چاكساز دەكرێت و بە كەسانێك كە خۆیان تێوەگلاون لە گەندەڵی و خراپەكاری ناكرێت.