ئەمینداری گشتی یەکگرتوو : لایەنە دەسەڵاتدارەکان سەرقاڵی ململانێی ناشەرعیانە و یەکتر شکاندنن و بێباکانە مامەڵە لەگەڵ پرسە نیشتیمانیەکان دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو راگه‌یاند: گەلی ئێمە لەمانگی مەولوددا بەگەرموگوڕییەوە خۆشەویستیان بۆ سەروەرمان نوێ کردەوەو ئەم مانگە مانگی گەرموگوڕی موسڵمانان بوو بۆ خۆڕازاندنەوە بەڕەوشتە باڵاکانی سەروەرمان.   ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی ٢١/١٠/٢٠٢٢، سەردانی دەڤەری گەرمیانی کردو لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخستنەکانی سنوری مەڵبەندی چواری یەکگرتووی ئیسلامیی کۆبویەوەو ڕایگەیاند: گەلی ئێمە لەمانگی مەولوددا بەگەرموگوڕییەوە خۆشەویستیان بۆ سەروەرمان نوێ کردەوەو ئەم مانگە مانگی گەرموگوڕی موسڵمانان بوو بۆ خۆڕازاندنەوە بەڕەوشتە باڵاکانی سەروەرمان.   هەروەها وتیشی: گەلی ئێمە مێژووەکەی پڕە لەسەروەری و خۆشەویستی پێغەمبەر و هەڵکەوتووەکان و ئەم گەلە هەموومان لە قوتابخانەکەی پێغەمبەرمان دەرچوین و پەروەردەبووین، ئەوانەی لەهەموو ڕەهەندەکانی حکومڕانی شکستیان هێناوە دەیانەوێت ڕەوشتە باڵاکانی لەدەست بدات، بەڵام ئەوە خەیاڵەو نایەتەدی و ڕۆژبەڕۆژ گەلی موسڵمانی ئێمە گەرموگوڕتر دەبێت.   ئەمینداری گشتی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەدا پرۆژەی یەکگرتوو پرۆژەی هەڵسانەوەی تاکی کوردی و کەسایەتی کوردیە، پرۆژەی پێگەیاندنی تاک و خێزان و کۆمەڵگەیە، یەکگرتوو پێویستیی کۆمەڵگەی کوردییە.   ئەمینداری گشتی یەکگرتوو وتیشی بارودۆخی ناوچەکە بەقۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت ، بەڵام بەداخەوە لایەنە دەسەڵاتدارەکان هەر سەرقاڵی ململانێی ناشەرعیانەو یەکتر شکاندن و زۆر بێباکانە مامەڵە لەگەڵ پرسە نیشتیمانیەکان دەکەن و هاوڵاتیانیان تووشی نائومێدی کردووە.   ناعەدالەتی و قۆرغکاری و گەندەڵی بۆتە سیمای دەسەڵاتی کوردی و یەکگرتوو خۆی بە بەرپرس دەزانێت بەرگری لە ڕەوشت و دینی گەلی خۆی بکات و ناتوانێ خۆی بێدەنگ بکات چونکە قەیرانی سیاسی و قەیرانی ئیداری لە هەرێم لە ئاستێکی بەرزدایە