دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ په‌سه‌ندكردنى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بۆ كاتێكى نادیار دواخرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

هه‌رچه‌نده‌ بریار بوو ئه‌مرۆ محمد شیاع سودانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق، كابینه‌ نوێییه‌كه‌ى ئاراسته‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بكات، به‌ڵام ئه‌و دانیشتنه‌ى په‌رله‌مان بۆ كاتێكى نادیار دواخراوه‌.

لایخۆیه‌وه‌، مشعان جبورى، ئه‌ندامى پێشووى په‌رله‌مان رایگه‌یاندوه‌: دانیشتنى پێشكه‌ش كردنى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بۆ په‌رله‌مان، بۆ رۆژێكى دیكه‌ دواخراوه‌.

راشیگه‌یاندوه‌: دواخستنى دانیشتنه‌كه‌ به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى لایه‌نه‌كانه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌نێوان شیعه‌ وسوننه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌: كوتله‌ شیعه‌كان سودانیان سه‌ر پشككردوه‌ بۆ ده‌ست نیشانكردنى وه‌زیره‌كانیان به‌پێى ئیستیحقاقى هه‌ڵبژاردن وده‌نگه‌كانیان.

ده‌شڵێت: دواخستنى دانیشتنى په‌رله‌مان، به‌هۆى ئه‌وه‌یه‌، هاوپه‌یمانى سیاده‌ وهاوپه‌یمانى عه‌زم ناكۆكیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو پۆستى وه‌زاره‌ته‌كانى پلاندانان و به‌رگرى.

جبورى راشیگه‌یاندوه‌: ده‌وڵه‌تى یاسا پشنیارى كردوه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا بۆ پێكهاته‌ى سوننه‌كان بێت، و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش بۆ پێكهاته‌ى شیعه‌كان بێت.

بریار بوو ئه‌مرۆ محمد شیاع سودانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى عێراق، به‌شێكى كابینه‌كه‌ى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكات بۆ ئه‌وه‌ى تێپه‌ڕێنرێت وده‌ست به‌كاره‌كانى بكات، به‌ڵام دانیشتنه‌كه‌ بۆ رۆژێكى نادیار دواخراوه‌ تاوه‌كۆ لایه‌نه‌كان ده‌گه‌ن به‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان.