ئەنجوومەنی راگووزەر لە باشووری یەمەن داوا دەکات حووسییەکان بخرێنە لیستی تیرۆرەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئەنجوومەنی راگوزەر لە باشووری یەمەن کە لەلایەن ئیماراتەوە پشتیوانی دەکرێت، بانگەوازێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد و داوای کرد حووسییەکان بخەنە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

دوای هێرشەکەی حووسییەکان بۆسەر دوو بەندەری گواستنەوەی نەوت لە شارەکانی حەزرەمەوت و شەبوە رۆژهەڵاتی یەمەن، گوتەبێژی ئەنجوومەنەکە، عەلی عەبدوڵڵا کەسیری، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەووە.

لە راگەیەندراوەکەی عەلی عەبدوڵڵا کەسیری هاتووە: "میلیشیا تیرۆریستەکانی حووسییەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوامن لە هێرشەکانیان. لە ١٨-١٩ی تشرینی یەکەمدا بەندەری نەشیمەیان لە شاری شەبوە کردە ئامانج و رۆژی هەینیش بە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بەندەری زەبە لە شاری حەزرەمەوت".

ناوبراو داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کردووە حووسییەکان بخەنە ناو لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و ئاماژەی بەوەش داوە کە حووسییەکان مەترسین بۆسەر بیرە نەوتەکانی ناو دەریای عومان و گەشتی کەشتییەکان بە ناو دەریاکەدا.

کەسیری جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئیدانەکردن بەس نییە و ئیدی قسە کردن لەسەر درێژ کردنەوەی ئاگربەستی یەمەن جێگای قبوڵ کردن نییە.

دوێنێ پارێزگای حەزرەمەوت لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە حووسییەکان لە رێی دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشیان کردووەتە سەر بەندەری زەبە.

لە راگەیەندراوێکی حووسییەکانیشدا ئاماژە بەوە درابوو کە "وەک هۆشدارییەکی بچووک بۆ کەشتییەکی بەندەری زەبە کە هەوڵی بەتاڵانبردنی نەوتی داوە، ئەم هێرشەمان ئەنجامداوە".

حووسییەکان لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا دەستیان بەسەر سەنعای پایتەخت و چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتەدا گرتووە.

هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بەڕابەرایەتی سعوودیە لە ئاداری ٢٠١٥وە بۆ پشتیوانیکردن لە حکوومەتی یەمەن، ئۆپەراسیۆنی دژبە حووسییەکان دەست پێ کردووە.