سەرۆکوەزیرانی سوید نامەیەکی ئاراستەی ئەردۆغان کرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی نوێی سوید، ئولف کریستێرسۆن نامەیەکی ئاراستەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کرد و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ سەردانکردنی ئەنقەرە.

رۆژنامەی ئافتۆنبلادێتی سوید، بڵاوی کردەوە کە ئولف کریستێرسۆن لە رێگەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە نامەیەکی ئاراستەی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کردووە.

لە نامەکەیدا کریستێرسۆن رایگەیاندووە "ئومێدەوارم بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا کۆبوونەوەیەکی ورد لەبارەی ناتۆ لەگەڵ ئێوەدا ساز بکەین. هەرکات بۆ ئێوە گونجا ئامادەین سەردانی ئەنقەرە بکەین".

کریستێرسۆن باسی لەوە کردووە کە نیگەرانییەکانی تورکیایان بە جددی وەرگرتووە و رایگەیاند "کێشە ئەمنییەکانی تورکیا زۆر بە جددی وەردەگرین و دەمانەوێت هاریکار بین لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تیرۆردا، بەتایبەتی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەدا".

سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوێنێ لە وەڵامی ئەو نامەیەی سەرۆکوەزیرانی سوید دا رایگەیاند 'سەرۆکوەزیرانی نوێی سوید داوای دیداری کردووە. گوتم کاتی بۆ دیاری بکەن با بێت. لە وڵاتەکەماندا گفتوگۆی لەگەڵ دەکەین. بۆچوونی ئێمە لەوبارەیەوە نەگۆڕاوە. پێویستە ئەو تیرۆریستانە دەستگیر بکرێن و رادەستی ئێمە بکرێنەوە کە تاوانبارن. تا ئەوانەمان رادەست نەکەنەوە ئەم کارە ناچێتە پەرلەمان. لە ئێستادا هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی نوێ لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستاندایە".