لە‌ هه‌ڵبژاردنی یه‌كێتیی لاوانی جیهاندا كوردێك ده‌نگی یه‌كه‌می به‌ده‌ست هێنا

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-18 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بڕۆكسل-KDP.info - له‌ وڵاتی به‌لجیكا هه‌ڵبژاردن بۆ ده‌سته‌ی گشتیی سه‌ركردایه‌تیی لاوانی جیهان به‌ڕێوه‌ چوو، فه‌لاح حه‌سه‌ن، وه‌ك نوێنه‌ری كورد، توانیی ده‌نگی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت و ببێته‌ جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی لاوانی جیهان، كه‌ 70 ڕێكخراو له‌ 50 وڵاته‌وه‌ تێیدا ئه‌ندامن، لاوێكی كورد له‌ ده‌سته‌ی چاودێریی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا ئه‌ندام بووه‌.

نه‌وزاد سابیر، كارگێڕی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی ماسته‌ر له‌ چاودێریی هه‌ڵبژاردن، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "وه‌ك چاودیری نێوده‌وڵه‌تی له‌ بڕۆكسلی پایته‌ختی وڵاتی به‌لجیكا هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی گشتیی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی لاوانی جیهانی به‌ڕێوه ‌چوو، لیژنه‌یه‌كی پێنچ كه‌سی داندرا بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌، له‌ وڵاتانی هیندستان و به‌لجیكا و هه‌نگاریا و ئه‌ڵمانیا و كوردستان".

نه‌وزاد سابیر گوتیشی: "وه‌ك چادێرێكی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر پشكی كوردستان له‌ پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی گشتیی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی لاوانی جیهان به‌شدار بووم، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی خۆشحاڵی بوو، فەلاح حه‌سه‌ن، وه‌ك كورد به‌ربژێر بوو بۆ سه‌ركردایه‌تیی ڕێكخراوه‌كه‌، له‌ نێوان 18 به‌ربژێری وڵاته‌ جیاوازه‌كاندا توانیی ده‌نگی یه‌كه‌م بێنێت و ببێته‌ جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی لاوانی جیهانی، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان ده‌وڵه‌ت نییه،‌ بۆیه‌ جێگری سه‌رۆكمان وه‌رگرت، ئه‌گینا سه‌رۆك 35 ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام فه‌لاح حه‌سه‌ن 40 ده‌نگی به‌ده‌ست هێنا."

ناوبراو گوتیشی: "ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامن له‌ سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی لاوانی جیهاندا، ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیرن و له‌ وڵاته‌كانی خۆیان پۆستی باڵایان هه‌یه‌، ئێستا سه‌رۆكی نوێی یه‌كێتیی لاوانی جیهان له‌ وڵاتی به‌ڕازیل وه‌زیره‌".

ئه‌و چاودێرە نێوده‌وڵه‌تییهی هه‌ڵبژاردن ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "وه‌رگرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی لاوانی جیهان زۆر بۆ كورد گرنگه‌ و ده‌توانێ لۆبیی زۆر باش بۆ دۆزی كورد بكات، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌رپرسان و ناوه‌نده‌ باڵاكانی جیهان چاوپێكه‌وتنیان ده‌بێت".

"وه‌رگرتنی پۆستی جێگری سه‌رۆكی یه‌كێتیی لاوانی جیهان وەک پردێک‌ ده‌بێت له ‌نێوان لاوانی كوردستان و لاوانی جیهان، له ‌كاتی ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا توانیمان حه‌وت چاودێری نێوده‌وڵه‌تی بهێنینه‌ كوردستان و چاودێریی پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن." نه‌وزاد سابیر وای گوت.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وە ‌كرد: "وه‌ك لاوێكی كورد جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ توانیومه‌ له‌سه‌ر ئاستی لیژنه‌یه‌كی پێنچ كه‌سی له‌ چوار ده‌وڵه‌ت به‌شدار بم له‌ چاودێریكردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی وا گرنگ به‌ لۆگۆ‌ و ئاڵای كوردستانه‌وه‌".

زانیاریی زیاتریشی دا و گوتی: "یه‌كێتیی لاوانی جیهان لە 70 ڕێكخراوی جیاواز پێك هاتووه‌ و له‌ 50 وڵاته‌وه‌ تێیدا به‌شدارن."

عه‌زیز ڕه‌سووڵ