ئێران ئیدانەی ئەو سزایانەی کرد بە بیانووی دابینکردنی چەک بۆ رووسیا بەسەریدا سەپیندراوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-22 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ناسر كه‌نعانی: "حکوومەتی ئێران مافی ئەوەی هەیە وەڵامی هەر جۆرە کارێکی نابەرپرسانە بداتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا بەتوندی ئیدانەی ئەو بانگەوازەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد کە ئاراستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کراوە بۆ "لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی گوایە رووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێرانی بەکارهێناوە بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکراینا" و سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا.

ناسر کەنعانی بانگەشەی ئەوەی کرد کە بۆ بڕیارەکە "پشت بە هەواڵی پشتڕاستنەکراوەی میدیا بیانییەکان بەستراوە" و رایگەیاندووە: "ئەو بانگەشە بێ بنەمایانە رەتدەکەینەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش داوە کە هەڵوێستی ئەم دواییەی ئەمریکا و یەكێتیی ئەورووپا بەرامبەر بە ئێران "ئیستفزازی و رووخێنەر"ە و رایگەیادووە: "حکوومەتی ئێران مافی ئەوەی هەیە وەڵامی هەر جۆرە کارێکی نابەرپرسانە بداتەوە".

ئۆکراینا مانگی رابردوو بە بیانووی ئەوەی کە ئیدارەی تاران "چەکی بۆ رووسیا دابینکردووە" بریاری دابوو کە متمانە لە باڵیۆزی ئێران لە کیێڤ، مەنوچەهر مورادی بکشێنێتەوە و ژمارەی دیپلۆماتەکانی باڵیۆزخانەکە بە رێژەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.

ئیدارەی کیێڤ رایگەیاندبوو کە هێرشەکەی رووسیا بۆ سەر کیێڤی پایتەخت لە ١٧ی تشرینی یەکەم لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری Şahid-136 ئەنجامدراوە کە لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا دراوە، هاوکات ئاماژەی بەوە کردبوو ئامادەکاری دەکات بۆ پچڕاندنی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران.

وتەبێژی کرملین، دمیتری پێسکۆڤ ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە کە باس لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە ئۆکراینا دەکەن.

لای خۆشیەوە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڤێدانت پاتێڵ لە ١٨ی تشرینی یەکەم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندبوو، بەڵگەیان لەبەردەستە کە چەکی دروستکراوی وڵاتی ئێران لە دژی ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان لە ئۆکراینا بەکارهاتووە.

لە بەرامبەردا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی هەمان رۆژ لە راگەیەندراوێکدا جارێکی دیکە ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە ئامادەن بۆ ئەم پرسە لەگەڵ ئۆکراینا گفتوگۆ بکەن.

رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئەمریكی، لە هەواڵێکدا بە پشتبەستن بە بەرپرسانی ئەمنی ئەمریكا و خۆرئاوا بڵاویکردبووەوە، ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر ناردنی مووشەك و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ رووسیا.

ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا ئاماژە بەوە دەکەن فرۆشتنی سیستمی چەک لەلایەن ئێرانەوە بە رووسیا پێشێلکردنی بڕیاری ژمارە ٢٢٣١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

لە ٢٠ی تشرینی یەکەمدا یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا بە پاساوی فرۆشتنی فڕۆکەی بێفرۆکەوان بە رووسیا سزایان بەسەر ئێراندا سەپاندبوو. هه روەها بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا، دوێنێ داوایان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كرد لێكۆڵینەوه لە تۆماتانە بکات.