ئەمریکا و فەڕەنسا و بەریتانیا بانگەشەکانی بۆمبی 'پیسی'ی رووسیایان رەتکردەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا بانگەشەکانی رووسیایان رەتکردەوە کە باس لەوە دەکات ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ بەکارهێنانی بۆمبی پیس (بۆمبی تیشكدەرەوە) لەسەر خاکی خۆی و ئاماژەیان بەوە کرد کە قبووڵی ناکەن رووسیا بیانو بهێنێتەوە بۆ زیادکردنی گرژییەکان.

وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا، بەریتانیا و فەڕەنسا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، جارێکی دیکە پشتیوانی خۆیان بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دووپاتکردەوە بەرامبەر شەڕەنگێزییەکانی رووسیا.

لە راگەیەندراوە هاوبەشەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە تا کۆتایی بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا بۆ بەرگرییکردن لە خاکی خۆی و هاتووە؛ 'ئەمڕۆ (یەکشەممە، ٢٢ی تشرینی یەکەم) وەزیرانی بەرگریی وڵاتەکانمان لەسەر داوای رووسیا بە جیا پەیوەندی تەلەفۆنییان لەگەڵ وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو ئەنجامداوە. وڵاتەکانمان بانگەشە درۆکانی رووسیایان رەتکردەوە لەبارەی ئامادەکاریی ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی بۆمبی پیس لە خاکی خۆیدا. جیهان هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی ئەم بانگەشانە وەک بیانوویەک بۆ زیادکردنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا دەبینێت. ئەو بیانووانەی رووسیا رەتدەکەینەوە کە ئامانج لێی هەڵکشانی گرژییەکانە'.

هاوکات وەزیرانی دەرەوەی ئەو سێ وڵاتە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، جەختیان لەسەر بەردەوامی هاوکارییە ئەمنیی، ئابووریی و مرۆییەکانیان بۆ ئۆکراینا کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کوڵیبا ئەنجام دا و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی و سەروەری ئۆکراینا دووپاتکردەوە.