دیجیتال میدیای سپێده
لە میانی ئەو سەردانەی وەزیری وزەی سعوودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان لە ٢١-٢٢ی تشرینی یەکەم بۆ هیندستان ئەنجامی دا، پڕۆژەی راکێشانی هێڵی وزەی دەریایی بە درێژایی هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەتر لەنێوان سعوودیە و هیندستان تاوتوێ کرا.
دامەزراوەی میدیایی "The Economic Times"ی هیندستانی لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردوون، باسی لەوە کردووە کە هەردوو وڵات لێکۆڵینەوە دەکەن لەوەی کە ئایا دەکرێت هێڵی وزەی دەریایی لەنێوان سعوودیە و هیندستان وەک پڕۆژەیەکی بازرگانی بەکار بهێنن، یاخود نا.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە داوە کە لەوانەیە ئیمارات-یش بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکات کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی ١٥ بۆ ١٨ ملیار دۆلاری تێ بچێت.
یەکەمین بەشی ئەو هێڵە لەنێوان میرنشینی فوجەیرەی ئیماراتی و بەندەری موندرا لە ویلایەتی گوجەرات باکووری رۆژئاوای هیندستان دەبێت کە مەوداکەی هەزار و ٦٠٠ کیلۆمەترە.
بەرپرسانی هیندستان تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی کە نزیکەی سێ ساڵە لەبارەی کردەییبوونی پڕۆژەکەوە کار دەکرێت و لە میانی سەردانەکەیدا بۆ هیندستان ئەم بابەتە لەگەڵ وەزیری وزەی سعوودیە، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان تاوتوێ کراوە، هەروەها باڵیۆزی سعوودیە لە نیودەلهی، ساڵح بن عید حوسێنی بانگهێشتی ژمارەیەک کۆمپانیای کردووە بۆ بەشداریکردن لە پڕۆژەکەدا.