ژمارەی ئەو کەسانەی لە لوبنان بەهۆی کۆلێراوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 10 کەس

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

لە شەشی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە لوبنان بە پەتای کۆلێرا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 10 کەس.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان، زانیاری نوێی دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆلێرا بڵاو کردەووە کە لە شەشی تشرینی یەکەمدا، یەکەم حاڵەتی تۆمار کرا و بەخێراییش لە ناوچەکانی باکووری ئەو وڵاتە لە بڵاو بوونەوەدایە.

لە راپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی تەندروستی لوبناندا بڵاو کراووەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو کە بەهۆی کۆلێراوە سێ کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە و ١٢ حاڵەتی نوێی تووشبوونیش تۆمار کراون.

بەم شێوەیەش ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بە کۆلێرا لە لوبنان بۆ ١٠ کەس بەرزبووەوە و ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونیش گەیشتە ٢٣٩ حاڵەت، زۆرینەی حاڵەتەکانیش لە شارەکانی عەککار و تەرابلوس باکووری ئەو وڵاتە تۆمار کراون.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان، ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لە ساڵی ١٩٩٣وە تا ئێستا بۆ یەکەم جار لە شەشی تشرینی یەکەمدا، حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمار کراوە.

لای خۆشییەوە وەزیری تەندروستی لوبنان، فیراس ئەبیەز لە لێدوانێکیدا لە ١٩ی تشرینی یەکەمدا، رایگەیاندبوو کە هۆکاری بڵاوبوونەوەی کۆلێرا دەگەڕێتەوە بۆ پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.