دیجیتاڵ میدیای سپێده
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی راگەیەندراوی ئەمریکای لەبارەی "راگرتنی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە رێککەوتنی ئەتۆمی" بە دووڕوویی لەقەڵەم دا.
ناسر کەنعانی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا لە تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند: "مادام ئەمریکییەکان دەڵێن ئەگەری گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نییە، دانوستانەکانیان راگرتوون یاخود لە بەرنامەیاندا نییە، ئەی بۆچی پەیام رەوانە دەکەن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە لە رێگای نێوەندگیرەوە، ئامادەن بەردەوامی بدەن بە رێککەوتنەکە؟".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی ئاماژەی بەوە دا کە ئیدارەی واشنتۆن لە بەرنامەیاندایە بەبێ ئەوەی باجی ئەو هەڵەیە بدەن کە کردوویانە بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی، گوتی: "هەڵسوکەوتی ئەمریکییەکان زۆر دووڕووییانەیە و بە فەرمیش درۆ دەکەن. لە چەندین کەناڵی جیاوازەوە پەیامیان رەوانە کردووە کە ئامادەن بگەڕێنەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و بەشداری لە دانوستانەکاندا بکەن".
ناسر کەنعانی لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا ئەمریکا پشتیوانی لەو خۆپیشاندانانەدا دەکات کە دوای مردنی مەهسا ئەمینی ئێرانی گرتەوە، ئاماژەی بەوە دا کە ئیدارەی واشنتۆن بە پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندەران سیاسەتێکی هەڵەی گرتووەتە بەر.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی هەروەها بۆ جارێکی دیکە ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایە بۆ جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، ئێران چەکی بە رووسیا فرۆشتووە.
ناسر کەنعانی بیری خستەوە کە دژی ئەوەن سەربازانی وڵاتانی بیانی لەسەر سنوورە هاوبەشەکانی ئێران لەگەڵ ئەرمینیا و ئازەربایجان جێگیر بکرێن و گوتی: "چاو ناپۆشین لەوەی هێزەکانی هیچ وڵاتێکی بیانی بە وڵاتانی ئەورووپایشەوە بێنە سنوورە هاوبەشەکانمان و ئەمە وەک هێڵی سوور دەبینین".