دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی رایگەیاند، بەم زووانە حکوومەتی نوێی عێراق، متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەھێنێت کە نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتەی گەلی عێراق تیایدا بەشدارن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە نوری مالیکی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی و کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا پێشھاتەکانی رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراقیان تاوتوێ کردووە، ھەروەھا باسیان لە ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو کە عێراق بەرەوڕووی بووەتەوە، کردووە.
باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا نوری مالیکی ئاماژەی بەوەداوە کە عێراق و تورکیا پەیوەندییەکی قوڵ لە نێویاندا ھەیە و راشیگەیاندووە کە گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتدا پتەوتر بکرێت و جەختیشی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لە قۆناغی داھاتوودا، عێراق ھەوڵدەدات پەیوەندی و ھاریکارییەکانی لەگەڵ سەرجەم وڵاتاندا پتەوتر بکات.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە نوری مالیکی، ھەروەھا رایگەیاندووە، بەم زووانە حکوومەتی نوێی عێراق، متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دەھێنێت کە نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتەی گەلی عێراق تیایدا بەشدارن و داوایشی کردووە کە لەم قۆناغەی ئێستادا و لە پێناو پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیری سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە، پاڵپشتی لە عێراق بکرێت.
راشیگەیاندووە کە لای خۆیەوە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، عەلی رەزا گونەی ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتییکردن لە عێراق نیشانداوە و جەختی کردووەتەوە لەسەر پەرۆشی تورکیا بۆ رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق و ئاماژەی بەوەیشداوە کە تورکیا خواستی ھەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێرقدا پتەوتر بکات.