"تشرینییەکان" لە ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-25 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

"تشرینییەکان" بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی فراوان لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە.

"تشرینییەکان" ماوەی چەند رۆژێکە ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، خۆپیشاندانی فراوان دژبە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ وەک خۆیان دەڵێن لەسەر بنەمای "پشکپشکێنە" پێکدەھێنرێت، ئەنجام بدەن.

ھاوکات لەگەڵ ئامادەکاریی "تشرینییەکان" بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان گرتووەتەبەر.

"تشرینییەکان" لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، دروشم دژبە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بەرزدەکەنەوە، ھەروەھا داوا دەکەن چاکسازیی و گۆڕانکاریی لە سیستەمی دەسەڵاتدا بکرێت.

دوێنێ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی فەرمانی بە ھێزە ئەمنییەکانی کرد کە گولـلەی پلاستیکی و بۆمبی فرمێسکڕێژ بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بەکارنەھێنن و بیانپارێزن.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە لەسەر بنەمای نەریتێکی سیاسی لە عێراق کە بە "پشکپشکێنە" ناسراوە، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.