شه‌هیدبونی شه‌ش فه‌ڵه‌ستینی له‌ هێرشێكی ئیسرائیلی داگیركار، ناڕه‌زایه‌تی لێكه‌وته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

شه‌هیدبونی شه‌ش كه‌سی فه‌ڵه‌ستینی له‌ ئه‌نجامی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی كه‌ سوپای ئیسرائیلی داگیركار له‌ نیوه‌ی شه‌ودا له‌ كه‌ناری خۆرئاوای داگیركراو ئه‌نجامیدا، له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ی گه‌مارۆدراو ناڕه‌زایه‌تی لێكه‌وته‌وه‌.

فه‌ڵه‌ستینییه‌كان له‌ ناوچه‌ی مه‌له‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتی كه‌رتی غه‌ززه‌ كۆبوونه‌وه‌ و درووشمی سه‌ركۆنه‌كردنی ئیسرائیلیان گوته‌وه‌.

سه‌ربازانی ئیسرائیل، به‌ بۆمبی فرمێسكڕێژ بڵاوه‌یان به‌و فه‌ڵه‌ستینییانه‌ كرد كه‌ ئاڵای فه‌ڵه‌ستینیان هه‌ڵگرتبوو.

هێشتا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی كه‌رتی غه‌ززه‌، هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر هه‌بوون یان نه‌بوونی بریندار له‌كاتی بڵاوه‌پێكردنه‌كه‌ رانه‌گه‌یاندووه‌.

سه‌ربازانی ئیسرائیل، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا بۆسه‌ر گرووپی چه‌كداریی "لانه‌ی شێر" له‌ كه‌ناری خۆرئاوای داگیركراو شه‌ش كه‌سی فه‌ڵه‌ستینیان كوشت و 33ی دیكه‌شیان بریندار كرد.

سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی فه‌ڵه‌ستینی، هێرشه‌كانی ئیسرائیلی له‌ كه‌ناری خۆرئاوا به‌ "تاوانی جه‌نگ" ناوبرد و جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی ئیسرائیل به‌رپرسیاره‌ له‌ لێكه‌وته‌كانی.