دیجتال میدیای سپێده
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوار شەممە 26-10-2022، لە شاری سلێمانی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ئامادەبونی شاندێكی سەركردایەتی و جێبەجێكردن بەشداری كرد لە 28هەمین ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامیی كوردستان و لە وتەیەكدا ڕایگەیاند: هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكگرتوو خوشكان بەشداری چالاكانەیان هەبووە لە سەرجەم ئۆرگانەكانداو شان بەشانی برایان هاوكاربون لە سەرجەمی ئەو سەركەوتنانەی یەكگرتوو لە ماوەی ڕابردوودا بەدەستی هێناوە.
هەروەها وتیشی: ڕۆڵی چالاكانەی خوشكان لە هەرێمی كوردستان بەگشتی لەبواری كۆمەڵایەتی و بەتایبەت لە بواری خێزاندا جێگای ڕێزو سوپاسە، خوازیاری ئەوەش بوو كە یەكگرتووی خوشكان بەردەوام بێت لە خزمەتكردن بە خێزان و كۆمەڵگەی كوردی.
جێگەی باسە، پێشتر بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە بۆنەی 28 ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی یەكگرتووی خوشكان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەو ڕێكخراوەو تەواوی ئافرەتانی كوردستان كرد كە ئەمەی خوارەوە دەقی پیرۆزباییەكەیە:
بەڕێزان/ سكرتاریەتی یەكگرتووی
خوشكانی ئیسلامیی كوردستان
سڵاوی خواتان لەسەر بێت..
ساڵیادی 28 ساڵەی ڕێكخراوە تێكۆشەرەكەتان لە خوشكانی بەڕێزمان و لە تەواوی ئافرەتانی كوردستان پیرۆز دەكەین..
بەنرخاندنەوە ڕێكخراوی خوشكان لە پێشەوەی هەمو كۆشش و تێكۆشانێكدایە بۆ داكۆكی لە مافی ئافرەتانی كوردستان و
لە بردنە پێشەوەی كردەیی ئافرەتان كە ئێوە ساڵانێكە لەو سەنگەرەدا ئامادەن و بەرهەمی زۆر بەرچاوتان هەیەو بەردەوامە..
ئاشكرایە پیلانی گەورە لەسەر كەسایەتی ئافرەت و ئایندەی گەنجەكان و تۆكمەیی خێزان و ئەخلاقی كۆمەڵگە هەیە..
دەخوازین كە ڕێكخراوەكەتان بەردەوام بن بۆ ڕێگرتن لەو پیلانە ناڕەوایەو بە هاوكاری هەمو دڵسۆزێك نەهێڵن بەناوی مافەوە ئافرەت بكرێتە قوربانی و بەرچاوڕونی زۆرتر بدەن بە هاوڵاتیان لەسەر مەترسی دۆخەكەو ڕێگای چارەسەر..
جارێكی تر
ساڵیادی یەكگرتووی خوشكان
پیرۆزبێ و هەردەم سەركەوتوبن
براتان
صلاح الدین محمد بهاوالدین
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان
25/10/2022