بۆ متمانه‌دان به‌كابینه‌ى حكومه‌تى نوێ، ئه‌مرۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆده‌بێته‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئه‌مرۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق متمانه‌ به‌كابینه‌ نوێیه‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق ده‌دات كه‌له‌لایه‌ن راسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت كابینه‌كه‌ى پێشكه‌ش ده‌كرێت وپێده‌چێت په‌سه‌ندیش بكرێت.

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ محمد شیاع سودانى داوایكرد په‌رله‌مان كۆببێته‌وه‌ بۆ متمانه‌دان به‌كابینه‌ نوێییه‌كه‌ى حكومه‌تى عێراق، بریاره‌ ئه‌مرۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كۆببێته‌وه‌.

میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكردۆته‌وه‌: له‌كابینه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراقدا، چوار پۆستی وه‌زاری بۆ كورد یه‌كلایی بوونه‌ته‌وه‌ كه‌بریتین له‌وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌، داد، ژینگه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ونیشته‌جێكردن.

سه‌رچاوه‌ نافه‌رمییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن: كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق 22 وه‌زاره‌ت له‌خۆده‌گرێت كه‌به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن و ژماره‌ی كورسیی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا دابه‌شكراون و12یان پشكی لایه‌نه‌كانی سه‌ربه‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌بریتین له‌وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ، نه‌وت، دارایی، كاره‌با، ته‌ندروستی، خوێندنی بالا، كشتوكاڵ، گواستنه‌وه‌ وگه‌یاندن، كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، وه‌رزش ولاوان، ده‌رامه‌ته‌ ئاوییه‌كان وپه‌یوه‌ندییه‌كان.

هاوكات پشكی سوننه‌ له‌حكومه‌تی نوێی عێراق شه‌ش وه‌زاره‌ته‌ كه‌بریتین له‌وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگریی، پلاندانان، په‌روه‌رده‌، پیشه‌سازی، بازرگانی و رۆشنبیری.

سێ وه‌زاره‌تیش له‌ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا هه‌ن كه‌ده‌درێن به‌سه‌ربه‌خۆكان، مه‌سیحی وتوركمان.