د.محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود
كۆرۆنا ڤایرۆس ئه‌و په‌تا جیهانگیرییه وا له كوردستانه، له نێو كۆڵان و به‌رده‌رگه‌ی ماڵانه. به‌شی هه‌ره‌زۆری بهگورگهلۆقێ وبهپێیان وبهپهلهپروزێ له سنووری رۆژهه‌ڵاته‌وه، له وڵاتی ئێرانه‌وه به‌رێگای ده‌روازه سنووریه‌كانه‌وه به‌فه‌رمی و به فیزه‌وه، به‌نهێنی و به قاچاغه‌وه په‌ڕییه‌وه پارێزگای سلێمانی.
ئه‌و په‌تایه له ئاسمانه‌وه‌ش، له وڵاتانی ئه‌وروپاوه هه‌ر به فه‌رمی به بلیتی فرۆكهوهوه له فرۆكه‌خانه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر دابه‌زی.
شێوه‌و روخساری(كۆرۆنا ڤایرۆس گۆڤید 19) دیاری نادیاره مه‌گه‌ر به‌چاوی( نانۆ ته‌كنه‌لۆجی) سیاسیی و ئابوورییه‌وه ببینرێ و زیاتر هه‌ستی پێبكرێت.
ئه‌و ڤایرۆسهنانۆیه، به‌چاو نه‌بینراوه تا ئه‌وساته ته‌واوی جیهانی به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردووه، گرفت و مشتوومڕ و ته‌نگه‌تاوی و قه‌یران و گێره‌شێوێنی زۆری ناوه‌ته‌وه.
ئێستا، كه پرسیار ده‌كرێ ئایا ئه‌م په‌تایه ( چه‌كی بایلۆجییه؟ یا خۆرسكه، له‌پای تێكچوونی هاوسه‌نگی سروشته‌وه بۆته دیارده‌ی خۆنوێكردنهوهو ئهبدێتكردنهوهی سروشت..؟ یا كۆڤید 19ی نه‌وه‌ی دووه‌مه‌ی بایۆ كیمسترییه.؟ یان پۆست داعشه‌و به به‌رگی بایۆ سیاسیی) یه‌وه پۆشته‌و رێكپۆش كراوه..؟
ئه‌مه‌و چه‌ندین پرسیاری تر له‌وانه: ئه‌ی چۆن پۆشته ده‌كرێ و به چ ئامانجێكه‌وه ئاراسته و ره‌وانه‌ی ئه‌ملاو ئه‌ولای مه‌به‌ستدار ده‌كرێ؟
له‌م كه‌ین وبه‌ینه‌دا ئه‌و باسانه‌ی له نێوان زلهێزانی دونیا‌و ناوچه‌كه‌دا هه‌یه، كۆرۆنا ڤایرۆسی ته‌ندروستی به‌به‌رگی سیاسیی پۆشته و په‌رداغ كراوه و قیت و قۆز له‌و سه‌ر بۆ ئه‌م سه‌ر دێ و ده‌چێ و بۆته ئه‌مری واقیعی بینراو و رۆژانه قسه‌و باسی هه‌ره مه‌ترسیداری ساته‌كانی ئاوزینگدانی مه‌رگی ئازیزان و مرۆڤایه‌تی لێده‌بینرێ. ده‌رئه‌نجام نه‌ك رۆژانه به‌ڵكو سات دوای سات قوربانییه‌كانی ئه‌و تراژیدییه دراماتیكییه جیهان تووشی سه‌رسامی و دۆژدامان ده‌كا.
ئه‌م دیمه‌ن و رووداوانه‌ی كۆرۆناڤایرۆس ناوییهتهوه له دیمه‌ن و رووداوه‌كانی ده‌قی دراما شیعری ( له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی به‌ربه‌رییه‌كان)ی شاعیری ناوداری یۆنانی (كۆنستانتین كافافی) ده‌چێ.
له‌ده‌قه شیعرییه‌كه‌ی (كافافی) شاعیر دا ته‌واوی وڵات و شارانی نێو ده‌قه شیعرییه‌كه به‌میر و گزیره‌وه، به‌ده‌سه‌ڵات و هاوڵاتییه‌وه هه‌مووان له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی ( به‌ربه‌رییه‌كان ) دان، ئه‌ها .. هات، ئه‌ها گه‌یشت، نا جارێ نه‌گه‌یشتۆته ئێره، وا دێ .. نا جارێ نایێ ...تد ئه‌وه‌یان قسه‌ی سه‌رزارو بن زاری گه‌وره‌و بچوكی ده‌قه شیعرییه‌كه‌یه. ئه‌م دیمه‌نانه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستاكێ شار‌و وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی كۆرۆنا دابن وایه. له كوردستانیش كۆرۆنا ڤایرۆس له نێو گۆڕه‌پان و شه‌قام و كوچه و كۆڵانه‌كانی شار‌و شارۆچكه‌و شاره‌دێ و گوند‌و ئاوایی خۆی مه‌ڵاس داوه‌و ده‌یه‌وێ بێ له ده‌رگادان بێته ناو ماڵان و ببێته مێوانی مه‌رگ هێن.
كه دیقه‌ت ده‌ده‌ینه نه‌خشه‌ی سه‌رهه‌ڵدان و ته‌شه‌نه‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا به له‌به‌رچاوگرتنی (خێرایی بڵاوبوونه‌وه و شوێنی سه‌رهه‌ڵدان)ی له‌شاری (ووهان)ی چینه‌وه، بۆشاری (قوم)ی ئێران به‌ر له رۆژێك له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌یان، یا به پێچه‌وانه‌وه له (قوم)ه‌وه بۆ (ووهان) كه هێشتا ساغنه‌بۆته‌وه له كێوه سه‌ریهه‌ڵداوه‌و بۆ كێندرێ چووه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی پرسیاره ماوه‌ی نێوان (خاڵی سه‌رهه‌ڵدان و خاڵی پێكانیهتی)، نێوان (ووهان و قوم) نه‌ك هه‌ر هه‌زاران كیلۆمه‌تریان بهینه، به‌ڵكو چه‌ند وڵاتێكی پان و پۆڕی وه‌ك پاكستان و ئه‌فغانستانیشیان بهینه.
له (وێوه) بۆ (ئه‌وێ)، یا به پێچه‌وانه‌وه له (ئەملا)وه بۆ (ئه‌ولا)، تا ئه‌وساته خاڵی مشتوومڕ و ناكۆكی نێوان خودی باڵه‌كانی ئێرانی نێوانی روحانی و خامه‌نه‌ئی یه له لایه‌ك و نێوان ئێران و چیینیهكانیشه له‌لایه‌كه‌ی تردا، له‌وه‌ی كه ئایا كۆرۆنا ڤایرۆس ئێرانییه یا چینی؟ به واتایه‌كی دی له قومه‌وه بۆ ووهان چووه، یا له ووهانه‌وه بۆ قوم هاتووه؟
كاتێ دیقه‌ت ده‌ده‌ینه نه‌خشه‌ی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنه جیهانییه‌كه‌ی و به ووردی لێی ده‌ڕوانین: هێلی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ناوچه‌كه‌و جیهاندا به‌م جۆره‌یه بۆ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه له (قوم)ه‌وه بۆ شاری (نه‌جه‌ف)ی باشووری به‌غداو نیمچه كپبوونێكێ له‌وێ و سه‌رهه‌ڵدانی به شپرزهكردنی شاری (به‌سرا) به‌زۆرترین به‌ركه‌وته‌و قوربانی.. له كوردستانی سنوور فره‌وانی له‌گه‌ڵ ئێران و گه‌یشتنی ڤایرۆسه‌كه به سنووری پارێزگای ( سلێمانی ) و پاشان ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی، دیوێكی نه‌خشه‌ی تهشهنهسهندنهكهی ئێره روونده‌بێته‌وه.. دوورتر له كوردستان و ناوچه‌كه هه‌ر له (قوم)ەوه بۆ (رۆما)ی پایته‌ختی ئیتالیا و ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌رمینیاو توركیا وێڕای به (زوو و دره‌نگ) به خۆكهوتنی ئه‌و شوێنانه و له خواره‌وه‌ی ئههوازهوهش گه‌یشتنه چه‌ند وڵاتێكی عه‌ره‌بی له كه‌نداو، كۆمه‌ڵه پرسیار و ئاماژه هه‌ن.
وه‌ڵامی زۆربه‌یان جارێ نادیار‌و شاراوه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ندێ سه‌ره‌داویش به‌دیار كه‌وتبن پێده‌چێ وه‌ڵامه‌كان هه‌ر به‌شاراوه‌یی نه‌مێننه‌وه.
له‌و بینهوبهردهیهدا چین و ئێران نه‌یانشاردۆته‌وه، ئه‌وان ئه‌مه‌ریكا تاوانبار ده‌كه‌ن و راشكاوانه كۆرۆناڤایرۆس به چه‌كێكی بایۆلۆجیی و شه‌رێكی دیكه‌ی ئابوریی داده‌نێن و ده‌ڵێن له تاقیگه نهێنیه‌كانی ئه‌مریكاوه له ناوچه‌كه ئه‌م شه‌ڕه هه‌ڵگیرساوه، تا ئهندازهیێك رووسه‌كانیش هه‌مان قەناعهتیان لا دروست بووه‌و، ته‌نانه‌ت شرۆڤهكارێكیان ئاماژه‌ی به‌بوونی چه‌ند تاقیگه‌یه‌كی ئه‌مریكی له جۆرجیاوه كردووه.!!
ئه‌م تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه‌و یه‌كتر تاوانباركردنه چه‌ندی راستی تێدابێ یا هه‌ڵبه‌ستراو له ئێستادا تۆمه‌تی ئاماده‌كراون بۆ یه‌كتری.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مه‌ریكا سه‌رباری بێ باكی له‌م تۆمه‌تانه‌ی خراوه‌ته ئه‌ستۆی له ئێستایش دا كه وڵاته‌كه‌یان بۆته كانگای كۆرۆنا..!! ئه‌وان ئه‌و په‌تایه به ڤایرۆسه چینییه‌كه ناوزه‌د ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر زمانی دۆناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكیان گله‌یی له چینییه‌كان ده‌كرێ و ده‌ڵێن: ده‌بوایه له‌سه‌رهه‌ڵدانی دا زووتر ئاگاداریان بكردباینهوه، نه‌ك شاردنه‌وه‌و خه‌فه‌كردنی، ئه‌وسا (چاره‌سه‌ری لای ئێمه ئاسانتربوو و جیهانیش تووشی كاره‌ساتێكی وا گه‌وره نه‌ده‌بوو) ئه‌مه قسه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا دۆناڵد تڕه‌مپه بۆ چیینیه‌كان.
ئه‌م هه‌موو ناكۆكی و مشتومر و یه‌كتر تۆمه‌تباركردنه گه‌لێ مانای سیاسیی قوڵی خاوه‌ن ره‌هه‌ندی ئابووری و ته‌كنه‌لۆجی و ئاینده‌یی له‌خۆ ده‌گرێ. و ده‌كرێ دوای سه‌ركه‌وتنی پلانه سیاسییه‌كانی (پلانگێڕی و نانه‌وه‌ی قه‌یران) باشتر ره‌هه‌نده‌كانی به‌دیار بكه‌وێت.
ئه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و نێوه‌نده‌دا له كوێوه‌ی هاوكێشه دیار و نادیاره‌كه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌دان؟ له‌كاتێكدا به‌درێژایی و به‌قوڵایی مێژووی میلله‌ته‌كه‌مان، كوردستان هه‌میشه ئامانج و مه‌به‌ستی داگیركه‌رانی ده‌وروبه‌ری خۆی بووه‌و بۆ داگیركردن و هێرش كردنه‌سه‌ری و په‌لاماردانیشی بێباكانه هه‌موو جۆره چه‌كێكی قه‌ده‌غه‌كراوی له‌سه‌ر تاقیكراوه‌ته‌وه، هه‌ر له ناپاڵمه‌وه بگره تا چه‌كی كیمیایی به هێرش و په‌لاماردانه دڕندهگهراییهكانی داعشی دوایی قاعیدهوهش .
له ئێستادا خه‌ڵكی كوردستان و نێوماڵی كوردی به‌وه به‌خته‌وه‌ر و دڵخۆشن و هه‌ست ده‌كه‌ن دامه‌زراوه فه‌رمییه سیاسیی و ئیدارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم و كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ت به ته‌واوی وهزارهتهكانییهوه، به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ، به سه‌رۆكایه‌تی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رژدو موكوڕو دڵسۆزن له سیاسه‌تی به‌رگری و پاراستنی ژیانی ته‌ندروست و سه‌رفرازانه‌ی هاوڵاتییان و خه‌ڵكی كوردستان. ئه‌وه‌یان خاڵێكی گه‌ش و سه‌ره‌تایه‌كی به‌هێزی نه‌خشه‌و به‌رنامه‌ی حكومه‌تی كوردستانه بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌و رێگری كردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بۆ ئه‌مه‌ش پیاده‌كردنی به‌رنامه و پلانی (خۆپارێزی ته‌ندروستی و كارگێری) به تۆكمه‌یی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌و بۆته جێگای ده‌ستخۆشی و ئافه‌رینی ناوخۆ و وڵاتان له‌وانه‌ش رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی.
له‌م روانگه‌یه‌وه خه‌ڵكی كوردستان باوه‌ڕی ته‌واویان به سه‌ركردایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌یان هه‌یه بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه مه‌ترسیداره و چاویان له‌وه‌یه به‌كه‌مترین زیان بگه‌نه قۆناغی دوای كۆرۆنا ڤایرۆس كۆڤید 19.
لێره‌دا ئه‌وه‌ی پێویسته بگوترێ ئه‌وه‌یه:
كاتێ شرۆڤه و راڤه‌ی په‌یامه‌كانی رێزدار مه‌سروور بارزانی ده‌كه‌ین وێڕای بوونی ئاماژه بۆ بابه‌ته ئاینده‌ییه سیاسییه‌كان، بۆ ئێستا و ئایندهی كوردستان پرسی كۆرۆنا ڤایرۆس ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێندرێته‌وه كه پرسێكی گرنگی ته‌ندروستی ژیان و زینده‌گی و مانه‌وه‌ی مرۆڤ و نێو ماڵی كوردستانییه به ساخ و سه‌لامه‌تی و به‌هێزو پێزه‌و دوور له پچڕانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵ و كۆمه‌ڵگای كوردستانی.
هه‌روا په‌یامه‌كان به‌روونی مانای ئه‌وه ده‌گه‌یێنن پرسی كۆرۆنا سه‌رباری ئه‌وه‌ی پرسێكی گرنگی ته‌ندروستی و ژیانه، پرسێكی ئابووری و دارایی و تێچونێكی زه‌به‌ڵاحی توانای مرۆیی و داراییشه ، به‌ڵام له به‌رنامه و نه‌خشه‌ڕێگای حكومه‌تی كوردستان و كابینه‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی دا ژیان و مانه‌وه‌ی تاك و كۆمه‌ڵگا به كه‌مترین زیان له پێشه‌وه‌ی پرسی ئابووری و داهات و داراییه‌وه‌یه.
ئێستا سه‌ركردایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم له‌و نێوه‌نده‌دا له نێوان ململانێی شارستانی خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵاتدا بۆ پرسی كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆڤید-19 ی نوێ، به هوشیاری سیاسییه‌وه سه‌یری پێشهاته‌كان دهكاو دانا و ژیرانه ده‌ڕوانێته ئه‌و بارودۆخه نادیاره‌ی كه ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه باری ئابووری و سیاسیی هه‌ندێ وڵات داڕمان و داته‌پین به‌خۆیه‌وه ببینێ و له ئه‌نجامدا ئاژاوه‌ی سیاسیی و ناسه‌قامگیری تهشهنهبستێنێ.
له كاتێكدا ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌و بارودۆخه‌ی پۆست كۆرۆنا ڤایرۆسدا دێنه پێشه‌وه بۆ ناوچه‌ی جێململانێی داعش چۆن چۆنی ده‌كه‌وێته‌وه..؟ ئه‌وه‌یان ئه‌و پرسیاره به‌گرێ و گۆڵه‌یه وا خه‌ریكه سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌تایبه‌تیش كاتێ مارك لیسپهر وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا رۆژی سێشه‌ممه 24ی ئازاری 2020 راشكاوانه رایگه‌یاند:
ئه‌و قه‌یرانه‌ی كۆرۆنای نوێ دروستی كردووه، ره‌نگه ببێته هۆی نانه‌وه‌ی ئاژاوه‌ی سیاسیی و له‌بارچوونی سه‌قامگیری له هه‌ندێك وڵات‌دا.
ڵێڵی و ناروونی پرسیاره‌كه‌ش له‌وه‌دایه مارك لیسپهری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا مه‌ترسییه‌كانی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌ی خۆیشی نه‌شاردۆته‌وه.
دوا خاڵی هه‌ره گرنگ له‌وه‌دایه كه وا پێویست ده‌كات خه‌ڵكی كوردستان هوشیارتر و وریا و ژیرانه‌تر له پێناو مانه‌وه له‌ژیاندا هه‌میشه خۆڕاگربن و به‌رنامه‌ی بارسووكی هیچ تێنهچووی (خۆپارێزی و خۆپاراستن، باشتره له چاره‌سه‌ركردن) په‌یره‌وه بكه‌ن و (ئایندهی خۆم و خاوخێزانه جوانه‌كه‌م و نیشتیمانه رهنگینهكهمم خۆش ده‌وێ)، ببێته دروشمی مانه‌وه‌ی سه‌رفرازانه‌ی خۆنوێكردنهوهو ئهبدێتكردنهوه بۆ قۆناغی دوای كۆرۆنا ڤایرۆس كۆفید 19ی پۆست داعش.