وەڵامێک لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هه‌ولێر-KDP.info- جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا وه‌ڵامی لێدوانێكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌داته‌وه‌.

دەقی راگەیاندراوەكە:

لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانای خۆی خەریکی پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و  خەڵکێکی زۆریش لە ناوخۆ و دەرەوە ستایشی رێکارەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن کە لە پێش زۆر وڵاتانی پێشکەوتووی جیهانە و ئەگەر ئەو رێکارانە و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نەبووایە ئێستا دۆخی تەندروستی زۆر مەترسیدار بوو . کەچی ئالەم کاتەدا کە پێویست بوو هاوکارانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی ئەم حکومەتە بکەن کە خۆیان تێیدا بەشدارن و بەهاوبەشی بڕیارمان لە سەر رێکارەکان داوە . کەچی بەداخەوە فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەمڕۆ زۆر بێ ویژدانانە دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە .

بۆیە لێرەدا  دووپاتی دەکەینەوە کە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەمێکە داوای لە داواکاری گشتی  کردووە کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر و لێکۆڵینەوە لەو بانگەشانە بکات کە گوایە بڕی دووسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار وەک شیرینی لە کۆمپانیای رۆسنەفت وەرگیراوە . سوپاسی فراکسیۆنی گۆڕانیش دەکەین کە بۆمان ئاشکرا بکەن ئەو کەسە کێیە ئەو پارەیەی وەرگرتووە !

سەبارەت بەو یەک ملیار دۆلارەش کە دەڵێن لە بانکەکانی لوبنان دەستی بەسەردا گیراوە . ئێمەش لە رێگەی میدیاکانەوە ئەو دەنگۆیەمان بیست کە سەرچاوەکەی کۆنە وەزیرێکی سەر بەحزبوڵڵا بوو. بەدواداچوونیشمان کرد و دەرکەوت راست نییە . بەڵکو تەنیا بەشە پارەی کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لەو حیسابە بانکییەی لوبنان بووە .  بۆیە سوپاسی برادەرانی گۆڕان یان هەر کەسێکی تر دەکەین ئەگەر بەدواداچوون بکەن و راستییەکان بۆ خەڵک روونبکەنەوە. ئەگینا تکایە با بەس بێت موزایەدەکردن و چەواشەکردنی خەڵک . ئێمە وەک هەموو وڵاتانی جیهان لە دۆخێکی سەختداین و پێویستە بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی. 

 

د.جووتیار عادل 

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان 

2020/3/27