قاهیرە-KDP.info- نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە میسر ڕایگەیاند، ئێستا پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ وڵاتی میسر لە ئاستێکی باشدان و ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندیی هەردوو لا پتەوتر بکەین.
له كۆڕبەندی گەنجانی جیهان له قاهیرە، كه به بەشداریی هەشت هەزار گەنج بەڕێوەچوو، عەبدولفەتاح سیسی، سهرۆكی میسر ڕایگەیاند: "گەلی كورد 60 ساڵه له مەینهتیدایه و هیچ كەسێك ناتوانێ ناسنامەی ئەوان بسڕێتەوه و تا ئێستا زمان و كلتوور و نەریتی كورد زیندووه و نكوڵیی لێ ناكرێت".
شێڕکۆ حەبیب، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەر لە کۆنەوە پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکی باشدا بوون و ئێستاش دەمانەوێ ئەوە پەیوەندییانە درێژە پێ بدەین و لە نێوان گەلانی کورد و میسردا بەهێزتریان بکەین."
نوێنەرەکەی پارتی گوتیشی: 'خەڵکی میسریش بە کەلتوور و مێژوووی کوردستان ئاشنان و لەگەل داوا و مافە ڕەواکانی گەلی کورددان و ئێستاش زۆر گرنگی بە مێژووی سیاسیی کورد دەدەن."
حەبیب ئاماژەی دا: "دوای کردنەوەی نوێنەراتییەکەیان، خەڵک و میدیای میسر گرنگییەکی زیاتر بە مێژووی کورد دەدەن، لە مێدیاکانیانەوە زۆر باسی ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە مێژووی سیاسیی کورددا دەکەن و گرنگی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قەوارەی سیاسیی کورد دەدەن."
کــاروان بــاعەدری