ژمارەی ئەو کەسانەی به‌هۆى دروستبوونى پاڵه‌په‌ستۆ و جەنجاڵی له میانی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی جه‌ژنى هالۆوین له شارى سیۆلى پایته‌ختى كۆریاى باشوور گیانیان لەدەست دا، بەرزبووەوە بۆ ١٥١ کەس.
ئاژانسی هەواڵیی یۆنهاپ بڵاوی کردەوە، به‌هۆى پاڵه‌په‌ستۆ و جەنجاڵییەوە له ناوچه‌ى ئیتایۆون كه ناوه‌ندێكى كات به‌سه‌ربردنه له شارى سیۆل، ١٥١ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و ٨٢ كه‌سیش برینداربوون کە برینی ١٩یان سەختە.
به‌رپرسانى وڵاتەکە باسیان لەوە کرد كه بەشێکی زۆری ئه‌وانه‌ى گیانیان له‌ده‌ستداوه گه‌نجن و لە بیستەکانی تەمەنیاندان کە ٩٧یان لە رەگەزێ مێ و ٥٤یان لە رەگەزی نێرن، لەوانەش ١٩یان کەسانی بیانیین کە هاووڵاتی چین، ئۆزبەکستان و نەرویجن.
هاوکات ئیدارەی شاری سیئۆل رایگەیاند کە هەواڵی بێسەروشوێنبوونی ٣٥٥ کەسیان پێگەیشتووە.
به‌رپرس لە به‌رگریی شارستانیی كۆریاى باشوور، جۆی جیۆن-سیک باسی لەوە کرد کە پێیان وایه کەسانێک له بەشی پشتەوەی جەنجاڵییەکەوە لە كۆڵانێكى ته‌سكەوە پاڵیان به خەڵکەکەوە ناوه، به‌و هۆیه‌شەوه فشار دروستبووه و رووداوەکەی لێکەوتووەتەوە.
جۆی جیۆن-سیک باسیشی لەوە کرد کە زیاتر له ٨٠٠ كارمه‌ندى فریاگوزاریی سەرەتایی و نزیکەی ١٤٠ ئۆتۆمبێلى فریاگوزاری بەپەلە ره‌وانه‌ى شوێنى رووداوه‌كه كراون.
به‌پێى هەندێ لەو هه‌واڵانه‌ى له میدیاکانی ئه‌و وڵاته‌دا بڵاوكراوه‌ته‌وه، جەنجاڵییه‌كه به‌هۆى دەنگۆی سەردانی هونه‌رمه‌ندێكى ناسراوى وڵاتەکە كه ناوه‌كه‌ى ئاشكرا نه‌كراوه بۆ یه‌كێك له ناوه‌نده‌كانى كات به‌سه‌ربردن، دروستبووە.
پێشبینی دەکرێت نزیكه‌ى ١٠٠ هه‌زار كه‌س به‌شدارییان له ئاهەنگەکانی هاڵۆوین کردبێت له شه‌قامه‌كانى ناوچه‌ى ئیتایۆون.
لەو تۆمارە ڤیدیۆییانەی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراونەته‌وه، دەردەکەوێت کە دوا بەدوای رووداوه‌كه ده‌یان كه‌س لەسەر زەوی کەوتوون و تیمه‌كانى فریاگوزاریی و خەڵکانی دیکە هه‌وڵى رزگاركردنیان دەدەن و ته‌رمى ئه‌وانه‌شى گیانیان له‌ده‌ستداوه له پاڵ یه‌كتر ریزكراون و داپۆشراون.