عێراق سكاڵا دژی ئه‌و وڵاتانه‌ده‌كات كه‌ ڕێگرن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شوێنه‌واره‌كانی

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و گه‌شتوگوزارو شوێنه‌واره‌كانى عێراق ژماردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی 18 مانگی رابردوو دۆزراونه‌ته‌وه‌، هاوكات سكاڵاى پێشكه‌شی پۆلیسی نێوده‌وڵه‌تی (ئینته‌رپۆل) كردوه‌ له‌ دژی ژماره‌یه‌ك وڵات، بۆ ئه‌وه‌ی فشاریان له‌سه‌ر دروست بكرێت له‌ دۆسیه‌ی وه‌رگرتنه‌وه‌و گێڕانه‌وه‌ى كه‌لوپه‌له‌ شوێنه‌واریه‌كانى عێراق.

ئه‌حمه‌د ئه‌لعه‌لیاوی وته‌بێژی فه‌رمی وه‌زاره‌ته‌كه‌ به‌ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ڕاگه‌یاند: وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك وه‌جبه‌دا 17 هه‌زار و 338 شوێنه‌واری دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی پلانه‌كه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵ و نیوێكدا بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی كۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ گه‌وره‌ترینه‌ له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی وه‌رگرتنه‌وه‌داو له‌ مێژووی كاره‌كانی ده‌سته‌ی گشتی بۆ شوێنه‌وار و كه‌له‌پور له‌ عێراقدا، جگه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ی تابلۆی قامش و كه‌بشی سۆمه‌ری، كه‌ مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 3500 ساڵ پێش زایین.

ئاشكراشی كرد: عێراق سكاڵایه‌كی ئاراسته‌ی ئینته‌رپۆلی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ له‌ دژی هه‌ندێك وڵات به‌ مه‌به‌ستی فشارخستنه‌ سه‌ریان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌ كۆنه‌كان، جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌: كه‌ دۆسیه‌ به‌رده‌وامه‌ و ده‌ستكه‌وتی نایابی هه‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دێرینه‌ عێراقییه‌كان.

ئه‌لعه‌لیاوی دووپاتیكرده‌وه‌ : كه‌ عێراق خاوه‌نی 15 هه‌زار شوێنی شوێنه‌واریی تۆماركراوه‌، و شوێنه‌ تۆمارنه‌كراوه‌كانیش دوو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌.