ئامارەکانی بەشداری و فرۆشتنی بەرهەمەکان لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە ئاشکراکران ، کە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەی بەشداری و ڕێژەی فرۆشتن زیادی کردووە و خانمان ڕێژی65% فرۆشیارانی فێستیڤاڵەکە بوون و بە سەدان هەزار گەشتیار و هاوڵاتی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و عێراق و ووڵاتانی دەرەوە سەردانی فێستیڤاڵیان کردووە . هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە کۆتایی بە کارەکانی هێنا و بە پێی ئامارەکانی سەرپەرشتیارانی فێستیڤال 250 هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵیان کردووە و لە کۆی 750 فرۆشیار و خاوەن بەرهەم بڕی 950 ملیۆن دینار فرۆشیان هەبووە ئەمەش ڕیکۆردێکی نوێ بوو بەراورد بە فێستیڤاڵەکانی ڕابردوو. ئەرسەلان عابید سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" 65% فرۆشیارانی فێستیڤال خانمان بوون و ئەو ژمارانەی کە لە فێستیڤاڵ بۆمان گەڕاونەتەوە و نوێ بوون و توانراوە بەرهەمێکی زۆر ساغ بکرێتەوە" سۆما کەریم فرۆشیارە و لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند "ئەو بەرهەمی نوقڵ و چکلێتی لە هەورامانەوە هێناوە بۆ فێستیڤال و هەر لە هەورامان دروست دەکرێن و توانیوویانە بازاڕێکی باشیان هەبێت". وەزارەتی کشتوکال و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 25 ملیۆن دیناریان بۆ بەڕێوەچوونی فێستیڤالەکە تەرخان کردبوو. نەوزاد محمد جێگری بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی هەڵەبجە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "توانیمان بە هەماهەنگی سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و دامەزراوە شارستانیەکان کەشێکی ئارمیان بۆ فێستیڤاڵ فەراهەم بکەین". ماوەی هەشت ساڵە و لە بەرامبەر ئەو کوالیتی و ناوبانگەی هەناری هەڵەبجە هەیەتی ، فێستیڤاڵێک لە ژێر ناونیشانی هەنار ڕێک دەخرێت و تێیدا لە پاڵ هەناردا بەرهەمە پایزیەکان و کاری دەستی خانمان و خۆراکی ئامادەکراو ساغ دەکرێتەوە و جوتیاران ئەمە بەدەرفەت دەزانن تا بەرهەمەکانیان بە بازار بکەن .