ئۆپێک: لەساڵی 2045دا، خواستی جیهانی لەسەر نەوت رۆژانە دەگاتە 109 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل

دوایین نوێکردنەوە 2022-10-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

پێشبینی دەکرێت لە ساڵی ٢٠٤٥ دا خواستی جیهانی لەسەر نەوت بە بەراوورد بە ساڵی ٢٠٢١، رۆژانە ١٣ ملیۆن بەرمیل زیاد بکات و بگاتە ١٠٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل.

بەپێی راپۆرتی "ئاسۆی جیهانیی نەوت ٢٠٢٢"ی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (OPEC) کە پێشبینی مامناوەند و مەودا درێژی سەبارت بە ئابووری جیهانی، خواست و دابینکردنی نەوت و وزە تاکو ساڵی ٢٠٤٥ لەخۆدەگرێت، خواستی پێشەسازی بۆ نەوت لە ساڵی ٢٠٢٠ کە پەتای کۆرۆنا کاریگەریی خۆی بە تەواوەتی نیشاندابوو کەمترین ئاستی لە مێژوودا تۆمار کرد.

دوای پەتای کۆرۆنا و بووژانەوەی ئابووری و کاریگەرییەکانی زیادبوونی رێژەی پێدانی ڤاکسین، گەورەترین بەرزبوونەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا روویدا.

بەرهەمی گشتیی ناوخۆیی جیهانی ساڵی رابردوودا ٥،٦ زیادی کرد و پاڵنەرێکی بۆ بوژانەوە لەسەر خواستی نەوت زیادکرد. خواست لەسەر نەوتی جیهانی لەو قۆناغەدا رۆژانە ٥،٧ ملیۆن زیادی کردووە.

لە کاتێکدا بازاری سووتەمەنی بەردینی لە بەرامبەر خواستی نەوت، گازی سرووشتی و خەڵوز کە بەخێرایی رووی لەزیادبوون کردووە رووبەڕووی بەرز و نزمییەکی زۆری نرخ بووەتەوە و بووەتە هۆی هەڵاوسان و نیگەرانییەکانی پاشەکشەی ئابووری.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە لاوازی گەشەی ئابووری لە دوای جەنگی رووسیا-ئۆکرانیا بە نەرێنی رەنگدانەوەی لەسەر ئاسۆی خواست لەسەر نەوت هەبوو. هەروەها بەردەوامبوونی سنووردارکردنەکانی چین کە گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە لە جیهان، نیگەرانییەکانی لەسەر خواستی نەوت زیاد کردووە.

بەپێی راپۆرتەکە، لەژێر کاریگەریی سەرجەم ئەو فاکتەرانە، پێشبینی دەكرێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا خواست لەسەر نەوت دەگاتە ئاستی پێش پەتای کۆرۆنا، گرژییە جیوسیاسییەکان كۆتایی پێبێت و ئاسایشی وزە پێشبکەوێت.

پێشبینی دەکرێت خواستی رۆژانەی جیهان لەسەر نەوت لە ساڵی ٢٠٢٧ بە بەراوورد لەگەڵ ساڵی رابردوودا ١٠ ملیۆن بەرمیل زیاد بکات و بگاتە نزیکەی ١٠٧ ملیۆن بەرمیل، لە ئاستی مەودا درێژیشدا رۆژانە نزیکەی ١٣ ملیۆن بەرمیل زیاد بکات و لە ساڵی ٢٠٤٥دا خواستی جیهانی لەسەر نەوت بگاتە ١٠٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیل.