سوودانی لەگەڵ پلاسخارت کۆبووەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند کە عێراق پێویستی بە پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ھەیە لە پێناو دەستکەوتنەوەی پارە بەتاڵان براوەکانی، ھەروەھا گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن دادگاوە داواکراون و تاوانبارن لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا، بەتایبەتی لە دۆسیەی دەستەی گشتیی باج.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت و کۆبوونەوتەوە.

راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەوڵەکانی حکوومەتی ئێستا بۆ پتەوترکردنی سەقامگیریی و رێرەوی دیموکراسیی تاوتوێ کراوە.

باسی لەوەیش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پلانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاوارەکان، ھەروەھا شێوەی گرەنتی گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان دوای دەستەبەرکردنی ژیانێکی خۆشگوزەران و سەقامگیر بۆیان، خراوەتەڕوو.

ھەروەھا باس لە ھەوڵەکانی حکوومەت لە بنبڕکردنی گەندەڵی کراوە و لەوبارەیەوە محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، عێراق پێویستی بە پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی ھەیە لە پێناو دەستکەوتنەوەی پارە بەتاڵان براوەکانی، ھەروەھا گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە لەلایەن دادگاوە داواکراون و تاوانبارن لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا، بەتایبەتی لە دۆسیەی دەستەی گشتیی باج.