کۆمکاری عەرەبی: "کۆبوونەوەی لووتکە هەلێکی ناوازەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانمان"

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-02 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغەیت رایگەیاند: "ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی، کارێکی پێویست و هەلێکی ناوازەیە بۆ پاراستنی پێگەی وڵاتانی عەرەبی، گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانمان و دووبارە کاراکردنەوەی کارتەکانمان لە جیهانێکدا کە بەشێوەیەکی تۆقێنەر رۆژبەڕۆژ قەیرانەکانی زیاتر دەبن".

ئەحمەد ئەبولغەیت لە میانی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی کە لە جەزائیر بەڕێوەدەچێت، گوتەیەکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە پێویستە چارەسەر بۆ ئەو کێشانە بدۆزرێتەوە کە رووبەڕووی وڵاتانی عەرەبی بوونەتەوە گرنگترینیشیان؛ پرسی فەڵەستین و قەیرانی لیبیا و یەمەنە و گوتی:

"چیتر زیادکردنی باری قەیرانەکانی جیهانی عەرەبی بۆسەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قابیلی قبوڵ نییە، چونکە لەئێستادا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بارێکی قورسی لەسەر شانە و سەرقاڵی چەندین کێشەی بەپەلەیە".

سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبی لە درێژەی قسەکانیدا باسیشی لە پرسی سووریا کرد و داوای کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئەو وڵاتە، لاپەڕەی ئازارەکانی رابردووی دابخرێن و هەوڵبدرێت جارێکی دیکە سووریا بگەڕێتەوە ناو کۆمکاری عەرەبی.

ئەبولغەیت باسی لەوە کرد کە پێشهاتەکانی سووریا هێشتا هەر پێویستی بە هەوڵی وڵاتانی عەرەبی هەیە، جەختی لەوەش کردەوە کە جیهانی عەرەبی هێزی ئیرادەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکەیە و گوتیشی: "ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی، کارێکی پێویست و هەلێکی ناوازەیە بۆ پاراستنی پێگەی وڵاتانی عەرەبی، گفتوگۆکردن لەسەر کێشەکانمان و دووبارە کاراکردنەوەی کارتەکانمان لە جیهانێکدا کە بەشێوەیەکی تۆقێنەر رۆژبەڕۆژ قەیرانەکانی زیاتر دەبن".