ئه‌ردۆغان به‌ڵێنده‌دات گۆڕانكاری ده‌ستوری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوڕه‌گه‌زبازی ئه‌نجامبدات

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئه‌مڕۆ، ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌مواركردنی ده‌ستووری بۆ "پاراستنی" خێزانه‌ توركه‌كان له‌ هاوڕه‌گه‌زبازی و ئه‌وه‌ی به‌ "لادان" وه‌سفی كردووه‌، ئه‌نجام ده‌دات.

سایتى "ئاڕتى" له‌ ئاژانسیى "ئه‌نادۆڵ"ى گواسته‌وه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌نقه‌ره‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستووری ده‌كات بۆ "پاراستنی پێكهاته‌ی خێزانه‌ توركییه‌كان له‌ لادان و نائاسایی" ، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "پێكهاته‌ی خێزانه‌كانمان له‌ هه‌موو جۆره‌ لادانێك و ڕه‌وتی په‌راوێزخراو و گه‌نده‌ڵی ده‌پارێزین".

سه‌رۆكى توركیا زیاتر وتی، هاوڵاتیان له‌ میانی گردبوونه‌وه‌كاندا داواكاریی دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆیان ده‌ربڕیوه‌، ناتوانین گۆڕه‌پانه‌كه‌ به‌ به‌تاڵی جێبهێڵین، ئێمه‌ش وه‌ڵامی ئه‌و داواكارییانه‌ ده‌ده‌ینه‌وه‌.

وه‌ به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیا ڤیدیۆیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ڕێپێوانێكیان تێدا نیشان ده‌دا كه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌س تێیدا به‌شدار بوون به‌ ئامانجی داوای "پاراستنی خێزان" له‌ توركیا.