گرفتى كه‌م غازى له‌ شاره‌كانى هه‌رێم سه‌ریهه‌ڵداوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى وه‌رزى سه‌رما له‌ زۆربه‌ى شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێم گرفتى كه‌م غازیش سه‌ریهه‌ڵداوه‌، له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى هۆشداریدا له‌ كه‌مبوونه‌وه‌ى غاز له‌ پارێزگاى سلێمانى و دروستبوونى قه‌یرانى غاز.

له‌و باره‌وه‌ ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كانی سلێمانی زیادكردنی پشكی غازی سلێمانی راگه‌یاند.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ بۆ مانگی تشرینی دووه‌م 360 بار غاز دێت بۆ پارێزگای سلێمانی وهه‌ڵه‌بجه‌ وئیداره‌ی راپه‌رین، رونیشیكردووه‌ته‌وه‌، بۆ ناوشاری سلێمانی 185 بار دیاریكراوه‌، ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی و پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌ی راپه‌رینیش 175 بار دیاریكراوه‌.

له‌ راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، له‌م مانگه‌وه‌ یه‌ك پشك زیاد كراوه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌ناوشاری سلێمانیدا دابه‌ش ده‌كرێت هه‌ربۆیه‌ پشكی ناوشار بووه‌ته‌ 185 بار بۆ ئه‌وه‌ى كێشه‌ى غاز چاره‌سه‌ر بكرێت.

له‌ ئێستادا به‌هۆى دابه‌شنه‌كردنى نه‌وتى و زیادبوونى پێداویستى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان بۆ غازى ماڵان له‌ هه‌ولێر و به‌شێكى زۆرى شار و شارۆچكه‌كان غازى حكومى ده‌ست ناكه‌وێت، هاوڵاتیان ناچارن له‌ بازاڕ یه‌ك بوتڵى غاز به‌ نزیكه‌ى 15 هه‌زار دینار بكڕن.