رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و سێ پڕۆژه‌یاسا ده‌خاته‌ به‌رباس

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

دوای زیاتر له‌ ساڵیك له‌ په‌سه‌ندكردنی و ڕه‌وانه‌كردنی بۆ په‌رله‌مان، وابڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو په‌رله‌مانی عێراق گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای زۆره‌ملێی سه‌ربازیی بكات.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو، په‌رله‌مانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ و سێ پڕۆژه‌یاسا ده‌خاته‌ به‌رباس، یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌یاساكان، خزمه‌تی زۆره‌ملێی سه‌ربازییه‌ و په‌رله‌مان گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كات.

پێشتر، له‌تیف وه‌رشان، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانی عێراق به‌میدیای عێراقیی ڕاگه‌یاندبوو: پرۆژه‌یاسای خزمه‌تكردنی ناچاریی، یه‌كێكه‌ له‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی كاری لیژنه‌ی ئه‌من و به‌رگری له‌ دانیشتنی پێشوودا ئاماده‌گیی هه‌بووه‌، به‌ڵام كاتی خۆی، خۆپیشاندانه‌كان و په‌تای كۆرۆنا، پاشان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، بووه‌ هۆی دواخستنی په‌سه‌ندكردنی.

به‌وته‌ی ئه‌وانه‌ی پشتیوانی پرۆژه‌یاساكه‌ ده‌كه‌ن، یاساكه‌ ده‌بێته‌هۆی نه‌هێشتنی خزمایه‌تی و تائیفی، چونكه‌ هه‌موو چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ده‌گرێته‌وه‌، به‌بێ گوێدانه‌ مه‌زهه‌ب یان پێكهاته‌، بۆیه‌ ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت "ئێمه‌ جدیین له‌ ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌، چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتدایه‌".
پڕۆژه‌ یاسای خزمه‌تی سه‌ربازی له‌ ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه‌ هه‌موو هاوڵاتییه‌كی عێراقی له‌ ره‌گه‌زی نێر ده‌گرێته‌وه‌، له‌ پاش ته‌واوكردنی خوێندنیش هه‌موو گه‌نجێك ده‌بێت به‌شداری خزمه‌تی سه‌ربازی بكات.