ئەمریکا رەخنە لە چین و رووسیا دەگرت بەوەی پارێزگاریی لە کۆریای باکوور دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لیندا تۆماس گرینفێڵد بە ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاند، کۆریای باکوور ئەمساڵ ٥٩ مووشەکی بالیستیکی هەڵداوە، بەمەش بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی پێشێل کردووە.

گرینفێڵد بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا (DPRK) لەلایەن دوو لە ئەندامانی ئەنجوومەنەکەوە (چین و رووسیا) پارێزگاریی لێکراوە، رایگەیاند کە (ئەو دوو ئەندامە) هەوڵی زۆریان داوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ کۆریای باکوور.

ناوبراو گوتیشی: "ناتوانن بە بیانووی ئەوەی لە شەڕی ئۆکراینا چەکتان پێ دەفرۆشێت خۆتان لە بەرپرسیارێتی ئەنجوومەنی ئاسایش بەدوور بگرن".

نوێنەری ھەمیشەیی چین لە نەتەوەیەکگرتووەکان، باڵیۆز جانگ جون-یش داوای لە ئەنجوومەنەکە کرد کە لەبری ئەوەی فشار بخاتە سەر پیۆنگیانگ، بنیاتنەرانە مامەڵە بکات.

کۆریای باکوور لە سێی ئەم مانگە (تشرینی دووەم) شەش تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجامدابوو. باس لەوەش دەکرێت کە تاقیکردنەوەکانی کۆریای باکوور هاوکات بووە لەگەڵ مانۆڕی ئاسمانیی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و کۆریای باشوور کە نزیکەی ٢٤٠ فڕۆکە تێیدا بەشداربوو و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوو.

جێی باسە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە سزای ئابووریی و سەربازیی بەسەر کۆریای باکووردا سەپاندووە.