ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌هۆی لافاوه‌وه‌ له‌ فلیپین گیانیان له‌ده‌ستدا گه‌یشته‌ 155 كه‌س

دوایین نوێکردنەوە 2022-11-05 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌نجامی لافاو و داڕمانی زه‌وی به‌هۆی بارانی به‌خوڕ له‌ فلیپین گیانیان له‌ده‌ستدا، بۆ 155 كه‌س به‌رزبوویه‌وه‌. 

به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ میدیاكانی وڵاته‌كه‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ له‌ ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌بردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیی كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌كان له‌ وڵاته‌كه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، زۆرترین ژماره‌ی گیان له‌ده‌ستدان له‌ ناوچه‌ی ئۆتۆنۆمی بانگسامۆرۆ بووه‌. 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا باس له‌وه‌ش كراوه‌، له‌ ئه‌نجامی كاره‌ساته‌ سرووشتییه‌كان له‌ هه‌فته‌ی رابردووه‌وه‌، لانیكه‌م ١٥٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 129 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون. تا ئێستاش 34 كه‌س بێسه‌روشوێنن. 

نزیكه‌ی چوار ملیۆن كه‌س كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی باهۆزی ناڵگای و 111 هه‌زار و 910 كه‌س له‌ ناوه‌نده‌كانی ده‌ربازكردن ماونه‌ته‌وه‌ و 904 هه‌زار و 528 كه‌سیش چوونه‌ته‌ شوێنه‌كانی دیكه‌.

سه‌رۆكی فلیپین، فێردیناند ماركۆس جونیه‌ر باری له‌ناكاوی سرووشتیی بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ راگه‌یاندبوو كه‌ ده‌رفه‌ت ده‌داته‌ ده‌سه‌ڵاته‌ خۆجێییه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی بۆ هه‌ماهه‌نگیكردن له‌ پێناو خێراكردنی هاریكارییه‌ مرۆییه‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌ كاڵابارزۆن، بیكۆڵ، ڤیسایاسی خۆرئاوا و بانگسامۆرۆ.