دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری بەرگریی عێراق، سابت عەباسی و هاوتا سعوودییەکەی، خالید بن سەلمان بن عەبدولعەزیز گفتوگۆیان کرد لەبارەی پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان هەردوو وڵات.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، بن عەبدولعەزیز پەیوەندییەکەی تەلەفۆنیی لەگەڵ عەباسی ئەنجامداوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، بن عەبدولعەزیز جەختی لەسەر پەیوەندییە قووڵەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە کە هەمیشە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان بەشێوەیەک بەهێز بکەن کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا بێت.
هاوکات عەبدولعەزیز پیرۆزبایی لە عەباسی کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی وەزیری بەرگریی عێراق لە کابینەی حکوومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی-دا کە رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی پێبەخشی.
لای خۆیەوە عەباسی سوپاسی هاوتا سعوودییەکەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەت و گەلی عێراق خۆشحاڵن بەو پێشکەوتنە گەورەیەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە.