دیجیتال میدیای سپێده
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان: "ئەمرۆ ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت، هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دەبنە ماوەبەسەرچوو"
دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوێك لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە
ئەمڕۆ 6/11/2022 چوار ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و هەر ئەمرۆش ماوەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كۆتایی دێت.
ئێمە وەك ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆمان ئاراستەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد، چونكە پێمان وایە دەبێت ڕێز لە یاسا و سەروەری یاسا بگیرێت ومافی دەنگدەر كە بۆ چوار ساڵ جارێك دەچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە نوێنەری خۆی دەدات بپارێزرێت، وە ناكرێت پەرلەمان كە خۆی یاسادەنەرە پێشێلكاری و یاسا شكێنی بكات و تەمەنی خۆی بە نایاسایی درێژبكاتەوە و درێژە بە عورفی فاسدی درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بدات كە ئەمە هەشتەمین جارە دەست بۆ ئەو یاسا شكێنیە دەبات.
بەداخەوە هەر ئەمڕۆ لەگەڵ كۆتایی هاتنی تەمەنی پەرلەمان هەرسێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی هەرێم ماوەیان بەسەر دەچێت و كارەكانیان لە ئەمڕۆكە 6-11 دەچێتە چوارچێوەی ماوە بەسەرچوونەوە كە ئەمەش لەكەیەكی گەورەیە بە حكومڕانی هەرێمی كوردستانەوە.
ھەروەھاوەك فراكسیۆنی یەكگرتوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان زۆر سوپاسی دەنگدەرانمان دەکەین و پێیان دەڵێین سوپاس بۆخوای گەورەڕاستگۆ بووین لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی كە بە ئێوەماندابوو لە هەڵبژاردنی رابردوودا، هەموو هەوڵێكی خۆماندا بۆ ئەوەی ئەرکی سەرشانمان جێبەجێبکەین بەرامبەر بە ئێوە و تەواوی خەڵكی كوردستان ودڵنیاتان دەکەینەوە کە پشت بە خودالە داهاتووشدا داكۆكی كاری سەرسەختی مافەكانتان دەبین لەھەرشوێنێك بین كە بتوانین فیداکاری وخزمەتی تێدا بكەین.
فراكسیۆنی یەكگرتوو لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان
6-11-2022