وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ دابەزاندنی نرخی كارتی مۆبایل لە سەرانسەری عێراق.
هیام ئەلیاسیری وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق ئەمڕۆ رایگەیاند: دوای دیراسەتكردن و لێكۆڵینەوەی تەواو بڕیاری كەمكردنەوەی نرخی كارتی مۆبایلی پەسەندكردووە ئەو پرسە دەخرێتە ناو پڕۆژەی بودجەوە و لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێدەدرێت.
وەزیری پەیوەندییەكانی عێراق گوتی لێكۆڵینەوەیەكی تۆكمەیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی نرخی كارتەكان بگەڕێنێتەوە بۆ نرخی پێشتر،ئاماژەی بەوەشدا، ئەم دۆسیەیە لە نزیكترین دانیشتنی كابینەی حكومەتدا پێشكەش دەكرێت و دەخرێتە ناو بودجەی ساڵی 2013 پێش ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر بدات، جەختیشی لە گرنگی پشتیوانی دەسەڵاتی یاسادانان بۆ ئەو پرسە كردەوە.
هیام ئەلیاسری وتیشی، شانازی دەكات كە كەمكردنەوەی نرخی كارتی مۆبایل لەسەر دەستی ئەو دەبیچت بەتایبەتی لەگەڵ خواستی حكومەت بۆ پشتگیریكردنی چینی هەژار و هاوڵاتیانی عێراق یەكدەگرێتەوە.